کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دانیان بە ئابووریی داڕماوی ئێراندا ناوە

12:57 - 1 گەلاوێژ 2720

سەرۆکی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت هەڵاوسانی لەڕادەبەر و شوێندانەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی داڕماوی ئێران هۆشداریی داوە.

ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، "مەسعوود خانساری" سەرۆکی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دانیشتنێکدا لە تاران دانی بەوەدا ناوە کە هەژاری هەر ڕۆژە لە پەرەسەندندایە و زیاتر لە ٦٠ لەسەدی کۆمەڵگا لەژێر هێڵی هەژاریدان و پێویستیان بە سەرمایەگوزاریی دەرەکی هەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی بەپێی ڕاگەیەندراوی بانکی جیهانی گەشەی ئابوووری لە ئەمساڵدا مەنفی ٥/٣ بووە و لە کۆتایی ساڵدا دەبێتە مەنفی ١٧ لەسەد.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم پێوەری بورس ٣٦٩، سکە ٧ بەرابەر، دۆلار ٥/٢ بەرابەر و خانووبەرە ٣/٣ بەرابەر بەرز بووەنەتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە: "دەبێ ئاوڕێکی جیددی لە کەمیی بودجە بدرێتەوە، ئەگەرنا ئێمە لەگەڵ هەڵاوسانێکی گەورە بەرەوڕوو دەبینەوە کە نەتوانین چارەی بکەین".

دێوەزمەی قەیرانی ئابووری، هەژاری و بێدەرەتانی خەڵکی ئێرانی وەزاڵە هێناوە و لەژێر دەسەڵات و سیستمی بەڕێوەبەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا ئەو سیاسەتە نەگۆڕدراوە و بێ چارەسەرە.