کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دانیان بە ڕخنەی ئەمنییەتی و لاوازیی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئێراندا ناوە

11:33 - 9 سەرماوەز 2720

کوژرانی لەناکاوی ''موحسێن فەخریزادە'' زانای ئەتۆمیی ئێران و بەرپرسی ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنەری وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران، لاوازیی دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی ئاشکرا کرد و بەرپرسانی ڕێژیم بە ئاشکرا دانیان پێدا ناوە.

''موحسێن ڕەزایی'' سەرۆکی کۆڕی گشتیی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە پەیامێک بۆ ''حەسەن ڕووحانی'' وتوویەتی: ''درێژەی ئەم هەوڵانە دەرخەری لاوازی و بێهێزیی دەزگای ئیتلاعاتیی ئێرانە و دەبێ چارەیەک بۆ ئەمە لەبەرچاو بگیرێت''.

''حوسێن دێهقان'' ڕاوێژکاری نیزامیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''هۆکاری تێرۆری موحسێن فەخریزادە، ڕخنە و دزەی ئەمنییەتی بووە و بەرپرسان دەبێ وڵامدەر بن''.

هەروەها ''حوسێن عەلایی'' فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران بەنیسبەت ئەم ڕخنە ئەمنییەتییە جەختی کردەوە کە ئیسرائیل زیاتر لە ١٠ ساڵە لە نێوخۆی ئێران عەمەلیات بەڕێوە دەبات کە یەک لەوان تێرۆری زانایانی ئێرانە.

ناوبراوی وتبووی: ''پێکهاتەی عەمەلیاتی ئیسرائیل لە ئێران زۆر پێشکەوتوویە و پشتگەرم بە زانیاریی وردە''.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی ''ئورشەلیم پۆست'' کوژرانی ''موحسین فەخریزادە''ی بە مایەی شەرمێکی گەورە بۆ ڕێژیمی ئێران وەسف کردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی، ڕێژیمی ئێران شەرمەزارە، کوژرانی فەخریزادە لە مانگێکدا ڕوویدا کە کەسی دووەمی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە تاران کوژرا و نیشانی دا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناتوانێت ئەمنییەتی هیچ کەس دابین بکات.