کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دەست لە چەواشەکاری هەڵناگرن

13:16 - 9 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی چەواشەکارییەکانی ڕێژیم، بەرپرسان ئەم جارە باس لە نەترسانی لاوەکان لە شەڕ و گەمارۆکان دەکەن.

لە درێژەی چەواشەکاری و فێڵبازییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەم جارە "سادق عەزیزی"، سەرۆکی دادوەریی "ئیسلام ئابادی غەرب" وتوویەتی: "هێزی دادوەری وەکوو جێبەجێکار و خاوەنداری شوێنی جێبەجێکردنی دادپەروەری، خەبات لە دژی گەندەڵی، پەرەدان بە ئازادییە ڕێگەپێدراوەکان و ئەستاندنەوەی مافە گەرەنتیکراوەکانی تاکەکانی کۆمەڵە".

"عەزیزی" هەروەها باسی لەوە کردووە کە هەر کەس بڕوای بە دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ ئامریکا هەبێت، ئەوە دوژمنی سەرەکیی ئەم ڕێژیمەیە و دەبێ بە عەقڵی، گومانمان هەبێت.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی کردووە کە لاوەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ ترسێکیان لە گەمارۆکانی وڵاتان و هیچ ترسێکیان لە شەڕ نییە و ئەوان باش دەزانن پاش هەر ناخۆشییەک، خۆشییەک هەیە.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە دۆخی ئابووریی وڵات داڕماوە و نیوەی زۆری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و بێکاری و هەزاران قەیرانی تر لە کۆنترۆڵدا نەماون و زۆربەی هەرەزۆری لاوەکان بە دەست بێکارییەوە دەناڵێنن و بۆ کارکردن ڕوویان لە وڵاتانی دیکە کردووە. بەرپرسانی ڕێژیم لەم دۆخەدا تەنیا کاریان بووەتە چەواشەکاری و فریودانی خەڵک و خۆیان هیچ باوڕێکیان بەو قسانە نییە.