کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەیانەوێت جۆری نیزام بگۆڕن

12:04 - 4 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەر کامەیان بە جۆرێک باس لە تێکەڵکردنی دەسەڵات و گۆڕینی شێوازی نیزام دەکەن.

مستەفا تاجزادە، ئەندامی ڕێکخراوی موجاهدینی ڕێژیمی ئێران، پێشنیاری کردووە کە پۆستەکانی ڕێبەری و سەرکۆماری لە ڕێژیمی ئێراندا تێکەڵ بکرێت.

محەممەدحوسێن سەفارهەرەندی، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمیش، لەم پێوەندییەدا، باسی لەوە کردووە، کە باشترە بەڕێوەبردنی وڵات بسپێردرێتە دەستی سەرۆکوەزیرانێکەوە کە لە لایەن مەجلیسەوە دیاری دەکرێت، کە ئەمە دژکردەوەی عەلی موتەهەری، جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی بەدواوە بووە، چونکە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لابردنی پۆستی سەرکۆماری، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆڵی خەڵک کەم بێتەوە؛ ناوبراو هەروەها دۆخی ئێستای ئێران بۆ پێداچوونەوەی یاسای بنەڕەتی بە شیاو نازانێت که هۆکارەکەشی بۆ گەمارۆوەکان و گوشارە ئابوورییەکان گەڕاندووەتەوە.

قسەکانی موتەهەری سەبارەت بە کەمبووونەوەی ڕۆڵی خەڵک لە حاڵێکدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی ڕواڵەتی کە لە پێشدا ئاکامەکەی دیارە، خەریکی چەواشەکردنی ڕاستییەکانن و وا نیشان دەدەن، کە گوایه دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا گرینگ و بەرچاوە؛ نموونەی بەرچاوی ئەم ڕواڵەتیبوونە، هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٨٨ بوو کە خۆپیشاندانی بەرچاوی خەڵکی لێ کەوتەوە کە بە هاتنە سەر شەقامەکان دادکۆکییان لە دەنگە دزراوەکانیان کرد.

باسی گۆڕینی نیزامی سیاسیی ئێران، یەکەمجار لە ساڵی ٩٠ هەتاویدا و لە لایەن  عەلی خامنەیی، ڕێبەری رێژیمی ئێرانەوە هاتە ئاراوە و تاکوو ئێستا دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ گۆڕینی ئەم نیزامە هیچ کارێکیان نەکردووە، چونکە لە هەر حاڵدا نیزام و دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران بەو بەرپرسانەوە هیچ ڕەواییەکی لە نێو خەڵکدا نەماوە.