کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران قسەکانی خۆیان وەدرۆ دەخەنەوە

13:05 - 25 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ، "حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "دێمیتری کولبا" وەزیری دەرەوەی ئۆکراین باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران نایهەوێت کە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ ڕووسیە بنێرێت.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە: "ئامریکا لە ڕووی ڕق و کینەوە باسی لە ناردنی فڕۆکە لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیە کردووە و ئەوە ڕاست نییە".

ئەو قسانەی "حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان" لە کاتێکدایە کە حەوتووی ڕابردوو "ناسر کەنعانی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتبووی کە ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە لەمێژە لە هەموو بارێکەوە هاوکارییان هەیە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردبوو کە ڕووسیە ڕاستەوخۆ داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە سەدان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆ بنێرێت.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ، "جەک سالیوان" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو کە تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران هیچ فڕۆکەیەکی ڕەوانەی ڕووسیە کردووە یان نا، بەڵام ئامریکا هەندێک زانیاریی لەسەر ئەوە بەدەست هێناوە کە نیشان دەدا ڕێژیمی ئێران خەریکی فێرکردنی هێزەکانی ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانەیە و لە هەوڵی ئەوەدایە کە سەدان فڕۆکەی بێ ‌فڕۆکەوانی خۆی لە ماوەیەکی دیاریکراودا ڕادەستی ڕووسیە بکات.