کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لافاو بە نعمەتی خودا دەزانن

13:19 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە دۆخە قەیراناوییەکانیشدا دەست لە وتنی خورافه هەڵ ناگرن و لەو ڕێگەوە هەوڵی چەواشەکردنی ڕاستییەکان و بەلاڕێبردنی پرس و بابەتەکان دەدەن.

پاش تێپەڕبوونی نزیک بە یەک حەفتە لە هاتنی لافاو کە سەرتاسەری شارەکانی ئێران و کوردستانی گرتووەتەوە و بە دەیان کێشەی جۆراوجۆری بۆ خەڵک دروست کردووە، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکدا، هاتنی ئەم لافاوە و ماڵوێرانیی خەڵکی بە نعمەتی خودا ناو بردووە و وتوویەتی: خودا خۆی ئەمانە قەرەبوو دەکاتەوە.

قسەکانی ڕۆحانی لە حاڵێکدایه، کە بەپێی ئەو ئامارانە که لە لایەن پزیشکی دادوەری ئێرانەوە ڕاگەیەندراوە، تاکوو ئێستا نزیک به ٤٠ کەس لەم لافاوەدا گیانیان لە دەست داوە و بە هەزاران کەس ماڵ و سامانەکانیان لە نێو چووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئاخوندێکی سەر بە ڕێژیمی ئێرایش باسی لەوە کردووە، کە ئەگەر خەڵک زەکات و خۆمسی دارایییەکانی خۆیان بدایە، تووشی ئەم کارەساتە نەدەبوون بۆیە پێویستە دڵی شکاوێ ڕێبەری ئێران بە دەست بێننەوە.

چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لەم دۆخە قەیراناوییەدا و پێوەنددانی ئەو ڕووداوە بە خورافه و بەڕێوەنەبردنی ڕێوشوێنە ئایینییەکان لە حاڵێکدایە، که هاتنی لافاو لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا، بە سەدان کێشەی وەک، لەنێوچوونی ئاسەوارە مێژوویییەکان، نوقمبوونی گوندەکان، لەنێوچوونی مەڕوماڵات، خەساری ژێرخانەکان بەتایبەت لە گیلانغەرب، داڵاهۆ و قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لە شارەکانی گوڵستان، شیراز، سەرپێڵ، ئەزگڵە و هەروەها ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هێپاتیت لە شوێنە لافاولێداروەکانی بەدواوە بووە.

بە وتەی کارناسان، جۆرەکانی پرۆژه عومرانییە نازانستی و سەقەتەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم و لەوانە سپای پاسدارانی رێژیم، لە گەورەترین هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم کارەساتانەن؛ دروستکردنی بێهۆی بەنداوەکان، لەنێوبردنی دارستانەکان بە بیانووی دروستکردنی ڕێگای هاتووچۆ و بە دەیان جۆرە پرۆژەی دیکە، لەو کارانەن کە ئەنجامدانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە مەبەستی تێکدانی ناوچەکەیه و دەبنە ڕێگاخۆشکەر بۆ ئەوەی کە ڕووداوە سروشتییەکان بە توندی و تەوژمێکی زیاترەوە ڕوو بدەن.

لە درێژەی ئەم لافاوەدا، ٥٠٠ میلیارد تمەن زیان بە ژێرخانەکانی پارێزگای کرماشان گەیشتووە و ڕاگەیەندراوە کە لە ڕۆژەکانی ١١ و ١٢ی خاکەلێوەدا، ئەم پارێزگایە لە مەترسیی هاتنی لافاودایە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە پاش تێپەڕبوونی نزیک بە ساڵ و نیوێک لە بوومەلەرزەکەی شاری سەرپیڵ هێشتا خەڵک لە نێو کانێکس و خێوەت دەژین و لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووش زیاتر لە جاران ژیانی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووە.

کێشە و قەیرانەکان لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئاخوندیدا، زیاتر لە حاڵەتی ئاساییی ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسیییەوە، چونکه کاربەدەستانی ڕێژیم جیا لەوەی کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نادەن، بە پێوەنددانی ئەو کێشانە بە بابەتە مەزهەبییەکانەوە، ئەو هەستە لە نێو خەڵکدا دروست دەکەن، کە خۆیان و کردەوەکانی خۆیان به هۆکاری سەرەکیی کێشەکە بزانن.