کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بەڵێنییەکانی خۆیان پاشگەز دەبنەوە

11:57 - 29 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیم نکۆڵی لە بەڵێنیدان بە وڵاتانی دەرەوە سەبارەت بە پرسی سەقامگیریی لە یەمەن کرد.

رۆژی یەکشەمە، ٢٨ی ڕێبەندان، لە هەواڵێکی یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، "جێرێمی هارت" وەزیری دەرەوەی بریتانیا، باسی لە وتووێژ لەگەڵ زەریف کردووە و وتوویەتی: " لە بابەت پرسی ئاسایش لە یەمەن و چوونەدەرەوەی حووسییەکان لە لەنگەرگەکانی ئەلحەدید بەڵێنیمان لە زەریف وەرگرتووە".

ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە لێدوانێکدا لە دژکردەوە بەرامبەر بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی بریتانیا، وتوویەتی: "ئێران هیچ بەڵێنییەکی بە هیچ لایەن و وڵاتێک سەبارەت بە یەمەن نەداوە و هیچ دەستێوەردانێکی لە کاروباری نێوخۆی یەمەن نەبووە".

ئەم قسانەی قاسمی و نکۆڵی لە دەستێوەردانەکانیان لە ناوچە و بەتایبەت یەمەندا لە حاڵێکدایە، کە ئیران بە پشتیوانیی نیزامی و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ چەکدارانی حووسی لە کاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتەدا دەستێوەردان دەکات.