کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە قەیرانەکاندا داواکاری سەیر و سەمەرە لە خەڵک دەکەن

11:53 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پارێزگاری پارێزگای سنه، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لەمەڕ چۆڵکردنی ماڵەکان هۆشداریی بە خەڵکی نزیک لە بەنداوی قشڵاخدا داوە، کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

بەهمەن موردانیا، پارێزگاری پارێزگای سنه، دوابەدوای ڕاگەیاندنی دۆخی قەیراناوی کە پاش بارانە بەلیزمەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێراندا هاتووەتە ئاراوە، هۆشداریی بەو کەسانەی لە سنە داوە کە نزیک لە بەنداوی قشلاخن و داوای کردووە کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لەوێ نەمێنن.

داواکاریی ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایه، که نە تەنیا هیچ شوێنێک بۆ ئەو خەڵکه دابین نەکراوە، بەڵکوو بیر لە هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی دیکەش نەکراوەتەوە، کە بتوانێت لەو قەیرانەدا یارمەتیدەری خەڵک بێت.

نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە دۆخە قەیراناوییەکاندا، نیشاندەری نەبوونی پتانسیل و تواناییی ئەو کەسانە لە مودیرییەتکردنی قەیرانەکاندایە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە هەر کاتژمێرێکدا، ٢١ میلیۆن لیتر ئاو دەڕژێتە نێو بەنداوی قشڵاخەوە، کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە زووترین کات سەرڕێژ بکات و قەیرانێکی دیکه بە دوای خۆیدا بێنێت.

بارینی لەڕادەبەدەری باران و تەرزە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و زەرەری گیانی و مادیی زۆری لێ کەوتووەتەوە.