کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەمەڕ قەیرانی بێ ئاوی دووبارە هۆشدارییان دا

17:48 - 17 جۆزەردان 2721

''عیسا کەلانتەری'' بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، لەبارەی قەیرانی بێ ئاوی لە ئێران سەرلەنوێ هۆشداریی داوە و وتوویەتی: ''بە قۆناغی لێکەوتوویی ئاوی، واتە گەورەترین کێشەی ئێران گەیشتوویین''.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە ئاو خراپتر لەوەیە کە بەرپرسانی پێوەندیداری ئاو  باسی لێوە دەکەن.

''کەلانتەری'' بە بەراوردکردنی ئامارەکانی سێ دەیەی ڕابردوو وتوویەتی کە ساڵی ٦٧ لە ئێران لەبەرامبەر هەر ٢ هەزار کەس ٣٠٠ میتری چوارگۆشە ئاوی قەرەبووکراو هەبووە، بەڵام لە ئێستادا لە ٧٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران، لەبەرامبەر یەک کەسدا کەمتر لە ٧٠٠ میتری چوارگۆشە ئاوی قەرەبووکراو هەیە.

ئەو بەرپرسەی پاراستنی ژینگەی ئێران لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لەبارەی قەیرانی بێ ئاوی وتبووی، شەڕی ئاو لەنێوان پارێزگاکان دەستی پێکردووە و ئەو شەڕە لە پارێزگاکانەوە بووەتە شەڕی گوند بە گوند.

پێشتریش ''ئیسماعیل نەجار'' بەرپرسی ڕێکخراوی بەڕێوەبەریی قەیران، باسی لەوە کردبوو کە بە تانکێر ئاوی زیاتر لە ٧ هەزار گوند دابین دەکرێت.

هەروەها ''قاسم تەقی زادە'' جێگری وەزیری وزە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان باسی لەوە کردووە کە لە ٥٢ ساڵی ڕابردوو خراپترین ساڵی کەم بارانی ئەزموون دەکەین.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە  ١٥٣ شار لە ئێران لەگەڵ کێشەی بێ ئاوی بەرەوڕوون، وتوویەتی، ئاو یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی داهاووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

 بێ ئاوی و گەڵاڵەی ڕاگواستنی ئاو لە هێندێک لە پارێزگاکانەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دەیان جار ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و تەنانەت خەڵک لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم تووشی تێکهەڵچوون بوونە.