کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نکۆڵی لە بوونی زیندانییانی سیاسی دەکەن

10:48 - 16 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە که لە ئێراندا مەحکوومێک به ناوی زیندانیی سیاسی بوونی نییە.

سادق لاریجانی، بەرپرسی دەزگای بەناو دادوەریی ڕیژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا نکۆڵیی لە هەبوونی زیندانیی سیاسی لە ئێراندا کردووە و وتوویەتی: "ئەگەر کەسێک دژ به ئاسایشی نەتەوەیی کارێکی کردبێت ئەوە وەکوو تاوانێکی جیا دەبێ بەدواداچوونی بۆ بکرێت؛ تاوانی سیاسی لە یاسادا پێناسەی خۆی هەیە و بەدواداچوون بۆ ئەوەش ڕێکاری تایبەت به خۆی هەیە بەڵام ئێستاکە ئێمە لە ئێراندا زیندانیی سیاسیمان نییە".

لاریجانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران به هۆی ڕەخنە گرتنەوە هیچ کەسێكی دەسبەسەر نەکردووە و بەدواداچوونی بۆ نەکردووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لەمبارەوە وتوویەتی: "مەگەر ئەمڕۆ کەسێک هەیە کە تەنیا به هۆی ڕەخنەگرتنەوە دەسبەسەر کرابێت؟"

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە که لە ئێراندا هەزاران کەس به تاوانگەلێکی لە چەشنی پڕوپاگەندە دژی نیزام، هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و تێکدانی بیروڕای گشتیی دەسبەسەر کراون و ساڵانیکە لە زیندانەکانی ئەم ڕێژەمەدا ژیانیان بەسەر دەبەن.

لە لایەکی تریشەوە، سەدان نووسەر و لێکۆڵەر، شاعێر، ڕۆژنامەوان، چالاکی کرێکاری، خوێندکاری و مەدەنی و تەنانەت هاووڵاتیی ئاساییش به تاوانی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و رێژیم، دەستبەسەر و دواتریش موحاکمە کراون.

ڕێژیمی ئێران یەکێک لە ڕێژیمە سەرکوتکەرەکانی جیهانە کە بەردەوام لە هەوڵی کپ کردنی دەنگی ڕزگاریخوازیی نەتەوە ژێردەستەکانیدا بووە ؛ ئەم ڕێژیمە بۆ پێشگرتن لە هەر گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ئێراندا، جوغرافیای ئەو وڵاتەی کردووەتە زیندانێک بۆ ڕووناکبیران و جیابیران.