کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی هێرشی سایبێری وەک هەڕەشەی جەنگی پێناسە دەکەن

12:33 - 30 پووشپەڕ 2720

لە دوای ڕەوتی زنجیرە تەقینەوەکان و هێرشە سایبێرییە پەیتا پەیتاکان بۆ سەر بنکە ناوکی و شوێنە هەستیارەکانی ئێران، بەرپرسانی ڕێژیم وتوویانە: "هەڕەشە سایبێرییەکان ئاماژەیە بە هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕ و جیاوازییان نییە لەنێوان ئەو دوو هێرشەدا".

لە نوێترین ڕووداوی تەقینەوەکان لە ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ لە وزەخانەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای "عەباسیـ"ـی ئیسفەهان تەقینەوەیەک ڕوویدا کە کارەبای شاری "ئیسفەهانـ"ـی دابین دەکرد و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

هەروەها چەند کاتژمێر لە دوای ئەو تەقینەوەیە، تەقینەوەیەکی دیکە لە کارخانەی "چاپ سێلفۆن" لەنێوان ئازەرشار و تەورێزدا ڕوویدا.

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، چەندین تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە ئێراندا ڕوویاندا کە سەرەتا بەرپرسانی ڕێژیم نکۆڵییان لە هێرشی سایبێری بۆ سەر ئەو شیوێنانە دەکرد و بە کێشەی فەنی و مرۆیی دەیانشوبهاند.

بەرپرسانی ڕێژیم بە شوبهاندنی هەڕەشەی هێرشی سایبێری بە هەڕەشەی هێرشی جەنگی، دەرخەری ئەوەیە کە چیتر بەرپرسانی ڕێژیم ناتوانن حاشا لەو هێرشانە بکەن.

ڕێژیمی ئێران وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی لە دانی زانیاریی زیاتر و ڕوونکردنەوە لەو بوارەوە خۆی دەدزێتەوە و هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەو بوارەوە دەرنەکردووە.

دەوڵەتی ئیسرائیل چەندین جار بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هێرش بۆ سەر ئەو بنکە و شوێنانەی لە ئێران وەئەستۆ گرتووە.