کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیزنی ئەوەیان داوە گەنمی پیسبوو بە سۆرب هاوردەی ئێران بکرێت

17:38 - 28 بەفرانبار 2721

بەرپرسی تاقیکردنەوە و کۆنترۆڵ و کوالیتیی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ڕێژیمی ئێران دانی بەوە داناوە کە گەنمی هاوردەکراو لە ڕووسیە پیسبوو بە موادی "سۆربـ''ـە بەڵام بەهۆی بەتاڵبوونی سیلۆکانی ئێران ئەو گەنمە نەگەڕێنداوەتەوە بۆ ئەو وڵاتە.

هاوردکردنی گەنمی پیسبوو بە سۆرب لە ڕووسیە لەحاڵێکدایە کە ڕووسیە و چەندین وڵاتی دیکە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئێران وەکوو پەتاتە، تەماتە، بیبار، خۆرما، شوتی و... بەهۆی ڕێژەی زۆری بەکارهێنانی دەرمان و کود گەڕێندرابوونەوە بۆ ئێران.

لە حاڵێکدا وڵاتی دیکە کە گرینگی بە تەندروستیی خەڵکی خۆیان دەدەن و ڕێگا نادەن بەرهەمی کشتوکاڵیی پیسبوو بە مەوادی سەمیی هاوردە بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بیانووی بەتاڵبوونی سیلۆکان ئیزنی ئەوەیان داوە گەنمی پیسبوو بە سۆرب لە ڕووسیەوە هاوردە بکرێت.

گەڕانەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی هەناردەکراوی ئێران لە وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتی دیکە، وێڕای ئەوەیکە لەگەڵ کاردانەوەی بەربڵاوی میدیایی و سیاسی بەرەوڕوو بووەتەوە، نیگەرانیشی لەنێو خەڵکدا دروست کردووە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ٢٣ لەسەدی دەرمانە بەکارهێنراوەکان لە ئێراندا زیانبەخشن.

دەرمانی هاوردەی وڵاتانی دەورووبەر لە بازاڕی ئێراندا و چۆنییەتی بەکارهێنانی بەشێوەی ستاندارد بەڕێوە ناچێ و لە ڕادەی بەکارهێنانیشی ئامارێک لەبەر دەستدا نییە و هیچ لایەنێک خۆی لێ بە بەرپرسیار نازانێ.

سۆرب ماددەیەکی ژەهراوەییە کە زیان بە سیستمی عەسەبی دەگەیەنێت. هەروەها دەبێتە هۆی نەخۆشیی خوێن و گورچیلە.