کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی کارخانەی قەندی نەغەدە لەگەڵ وەرزێڕان ڕووڕاست نین

10:51 - 11 رەزبەر 2721

چەوەندەرکارانی شاری "نەغەدە" بەهۆی ئەوەیکە کارخانەی قەندی ئەو شارە خەستیی شیرینیی چەوەندەر بە دروستی ڕاناگەیەنێت لە بەردەم کارخانەی قەندی ئەو شارە مانیان گرتووە.

ئەو چەوەندەرکارانە وتوویانە: "کاربەدەستانی پێوەندیدار خەستیی شیرینیی چەوەندر بە دروستی به وەرزێڕان ڕاناگەیەنن، بە جۆرێک کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە یەک زەوی چەوەندەرمان بۆ کارخانە بردووە، ڕۆژی یەکم خەستیی ١٧ و ڕۆژی دووەم خەستیی ١٣یان بۆ تۆمار کردووین".

چەوەندەرکارانی "نەغەدە" سەبارەت بە بێهەڵوێستیی بەرپرسان و ئەوەیکە هەتا ئێستا هیچ کەس هەوڵی نەداوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

کارخانەی قەندی "نەغەدە" ساڵی ١٣٧٩ بە دەفرایەتیی ڕۆژانە ٣ هەزار تۆن چەوەندەر لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژ لە ساڵدا دامەزراوە و لە ماوەی دامەزراندنیدا هەتا ئێستا چەندین جار وەرزێڕان بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک پێنەدانی پارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هەتا ئەو ڕادەیەی کە دەرکەی کارخانە لەلایەن چەوەندەرکارانەوە بەستراوە.