کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی جەنگەڵبانیی مەریوان دەستێکی باڵای لە کاولکاریی دارستانەکانی ئەو شارەدا هەیە

12:50 - 3 بانەمەڕ 2720

کاولکاریی دارستانەکانی مەریوان بە شێوەی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت و بەرپرسی جەنگەڵبانیی مەریوان بە وەرگرتنی پارە لە هەلپەرستان لە تێکدان و کاولکردنی دارستانەکان چاوپۆشی دەکات.

بەهۆی بەرتیل وەرگرتنی بەرپرسی جەنگەڵبانیی مەریوان و کۆمەڵێکی تر لە دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم لە هەلپەرستان و بێدەنگی لە ئاستی ئەم کارەساتە ژینگەییە، تا ئێستا بە سەدان هێکتار لە دارستانەکانی مەریوان لەنێو چوونە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان لە مەریوانەوە، ئەو بەناو بەرپرسەی جەنگەڵبانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیتلاعاتی ئەو شارە، بە شێوەی سیستماتیک و چڕوپڕ لە هەوڵی لەنێوبردنی دارستانەکان و لێڕەوارەکانی مەریواندان.

لە شارەکانی کوردستان بەگشتی و لە مەریوان بەتایبەتی، بە مەبەستی دروستکردنی باخ و خەڵووز و ناردن و فروشتنیان بە گەورە شارەکانی ئێران، دارستانەکان لەنێو دەبرێن.

پێشتر، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەهەمبەر ئەم کاولکارییانە لە ڕاگەیەندراوێکدا، پێشمەرگەکانی شار، ئەندامان، لایەنگران و ژینگەدۆستانی ئەرکدار کردبوو کە دوژمنانی ژینگە و ئەو کەسانەی هەوڵی لەنێوبردنی دارستانەکان دەدەن، لەقاو بدەن.