کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئامریکا: ڕێژیمی ئێران زۆرتر ئاگای لە ڕەفتارەکانی خۆی بێت

12:42 - 21 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئامریکا، لە کۆنگرەی ئەو وڵاتەدا وتوویەتی، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کەوتووینەتە قۆناغێک کە ئەگەری مەترسییەکان زیاتر بووەتەوە.

ژێنراڵ ''مارک میلی''، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتشی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، لە کۆنگرەی ئەو وڵاتەدا وتوویەتی، لە هەلومەرجی ئێستادا ڕێژیمی ئێران دەبێ زۆرتر ئاگای لە ڕەفتارەکانی خۆی بێت.

ژێنراڵ ''مارک میلی'' باسی لەوە کرد، ئێمە قۆناغێکی پڕ لە مەترسی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران تێدەپەڕێنین. بەڵام لەم هەلومەرجە تایبەتەدا، خۆداگری ڕەچاو دەکەین.

لەم کۆبۆنەوەیەدا نوێنەرێکی کۆماریخواز لە بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئامریکا و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە پرسیاری کردووە: "تا کەی لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێراندا نەرمی دەنوێنن؟". بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئامریکا لە وڵامدا وتوویەتی، تۆپ لە زەویی ئێراندایە و وڵامی ئامریکا پەیوەندیی بە هەڵسوکەوتی ڕیژیمی ئیرانەوە هەیە.

ئەم قسانە لە حاڵێکدا دەخرێنە بەرباس کە لە ماوەی ڕابردوودا چەند هێرشێک کراوەتە سەر دامەزراوە و بنکەکانی ئامریکا لە عێراقدا کە ئەگەری دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێرانی تێدا هەیە.

بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئامریکا جەختی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەروا  پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمە و بە دەستێوەردانەکانی، ناوچەکەی ناسەقامگیر کردووە.