کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی شورای شاری تاران: ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە

18:45 - 31 خاکەلێوه 2720

بەرپرسی شورای شاری تاران، بەپێی لێکدانەوەکانی ناوندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم و ڕای پسپۆڕان وتوویەتی کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران زۆر زیاتر لەو ژمارەیە کە بە شێوەی فەرمی ڕاگەیەندراوە.

''موحسێن هاشمی''، ڕۆژی یەکشەممە لە دانیشتنی ئاشکرای شورای شاری تاران، ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێرانی نادروست زانی و وتی کە ئەندامانی شورای شار لەوەی نیگەرانن کە بەو ئامارە دۆخەکە بە ئاسایی نیشان بدرێت و بواری ئەوە بڕەخسینن کە سنووردارێتییەکان لا ببەن.

 ناوبراو هۆکاری سەرەکیی جیاوازیی ئامارە فەرمییەکان لەگەڵ ئامارە ڕاستەکانی لە ''درەنگ ڕاگەیاندنی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئێران، حیسابنەکردنی ئەو کەسانەی پێش لە ڕاگەیاندنی ئەم نەخۆشییە گیانیان لەدەست داوە و نەبوونی تێست هەڵگرتن بە ڕادەی پێویست لە ئێران'' زانیوە.

ناوبراو هەروەها لە هەمبەر پەلەکردن لە لابردنی سنووردارێتییەکان هۆشداریی داوە و وتوویەتی کە هاتوچۆکان دەتوانێت ببیتە هۆی دووبارە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، هەتا ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە، ٥ هەزار و ١١٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٨٢ هەزار و ٢١١ کەس لە ئێراندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە .

ئەوە لە حاڵیکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەو پێشیش، ناوەندی لێکۆڵێنەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە کە ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا دوو قات لەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە زیاترە.