کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ماڵپەڕی ڕوانگە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا

22:23 - 20 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسی ماڵپەڕی ڕوانگە لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیرانەوە دەستبەسەر و چالاکیی ئەو ماڵپەڕەش ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، حەسەن شێخ‌ئاقایی ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ماڵپەڕی ڕوانگە لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە مەهاباد دەستبەسەر کرا.

دەوترێت، ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندووە: بڕیاری دەستبەسەرکرانی حەسەن شێخ‌ئاقایی لەلایەن عەلی مێهر دادیاری لقی یەکەمی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد درکراوە.

هەروەها یوونس قوربانی‌فەر، ئەندامی شورای سەرنووسەریی ڕوانگە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر و دوای کاتژمێرێک ئازاد کراوە.

دوای دەستبەسەرکرانی بەرپرسانی ماڵپەڕی ڕوانگە، شورای سەرنووسەریی ڕوانگە لە لاپەڕەی فەیس‌بووکی ئەو ماڵپەڕەدا ڕایگەیاند: لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاویەوە، بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی ڕوانگە لە دەستی بەرپرسانی ئەو ماڵپەرەدا نەبووە و هیچ کۆنتڕۆڵێکیان لەسەر ماڵپەڕەکە نەبووە. ئاشکرایە کە ڕوانگە لەو هەلومەرجەدا هیچ بەرپرسیارەتێک لەمەڕ ئەگەری دەستکاریی ماڵپەڕەکە لە ئەستۆ ناگرێت.

بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتیی ڕێژیم دوای چەندین جار بەدواداچوونی بنەماڵەی شێخ‌ئاقایی ڕایانگەیاندووە: ئەگەری ئەوە هەیە کە کوڕەکەتان بۆ ورمێ ڕاگوازرابێت.

تا کاتی بڵاوبوونەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنی ئەو چالاکە مەدەنییە لەبەر دەست‌دا نیە.

حەسەن شێخ‌ئاقایی، چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی کورد، دەرچووی زانکۆی هونەرە جوانەکان و دوکتورای داروسازی هەیە.