کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێشووی بانکی ناوەندیی ئێران بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

12:41 - 25 رەزبەر 2721

''وەلیوڵڵا سەیف'' بەرپرسی پێشووی بانکی ناوەندیی ئێران و ''ئەحمەد عێراقچی'' جێگری ناوبراو بە تاوانی تێکدانی نۆرمی بازاڕ و فرۆشتنی نایاسایی دراو بە ڕێز هەر کامەیان بە ١٠ و ٨ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

بە وتەی وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران بەگشتی لەم دۆسیەیەدا ١٠ کەس تاوانبارن، لەوانە ''سالار ئاقاخانی، مەیسەم خودایی و ڕەسووڵ سەجاد'' کە لە بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندی بوون بە ٢٥ ساڵ زیندان محکووم کران.

لەو دۆسیەیەدا، ئەو ڕێژە پارەیەی کە ''وەلیوڵڵا سەیف'' کە لە کڕین و فرۆشتنی نایاسایی دەستی تێدا هەبووە، نزیک ١٦٠ هەزار دۆلار و ٢٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار یۆرۆ ڕاگەیەندراوە.

ناوبراو لە خەرمانانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی هەتا ساڵی ٩٧ بەرپرسی گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی ''شەفافییەتی نێودەوڵەتی'' لە ساڵی ٢٠٢١، ئێران لە بواری گەندەڵیی ئیداری و ئابووری لەنێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٤٩دا جێی گرتووە.