کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران: فەخریزادە بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، بە شێوەی سیستماتیک کاری دەکرد

12:57 - 7 سەرماوەز 2721

"فەرەیدوون عەباسی دوانی" بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ساڵوەگەڕی کوژرانی "فەخریزادە"دا وتی: "فەخریزادە بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، بە شێوەی سیستماتیک و بە بەرنامە کاری دەکرد".

"عەباسی" لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە ڕۆژنامەکانی سەر بە ڕێژیم، "فەخریزادە"ی وەکوو "سندووقی ڕەشی ناوکی" ناو بردووە و وتوویەتی: "فەخریزادە لە گەشەی پیشەی ناوکی و بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ٢٠ لەسەدی ڕۆڵی بەرچاو و دیاری هەبووە".

"فەخریزادە" جێگری وەزیری بەرگریی ڕێژیم و لە کارگێڕانی سەرەکیی بەرنامەی ناوکی و سیستمی مووشەکی بوو کە ٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی کوژرا.

"نیۆیۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە شێوەی کوژرانی "فەخریزادە" کردووە و نووسیویەتی کە کوژرانی ئەو مۆرە باڵایەی سپای پاسداران و ئەو ڕووخسارە دیارەی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیم، لە ڕێگای "ڕۆباتێکی بکوژ"ەوە کە لەوپەڕی سنوورەکانەوە کۆنترۆل دەکرا، ئەنجام دراوە.

پێشتریش سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل "بێنیامین نێتانیاهوو" لە کاتی هێنانە گۆڕی کۆمەڵێک بەڵگەی نهێنی سەبارەت بە وزەی ناوکیی ئێران، ئاماژەی بە ناوی "فەخریزادە" کردبوو و هۆشداریی دابوو کە ناوی "فەخریزادە"یان لە بیر بێت؛ ئەوە بوو کە دواتر ناوبراو لە تاران کوژرا.