کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ سەردانی حیزبی چەپی سوسیالیستی نۆروێژی کرد

16:39 - 10 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، سەردانی حیزبی چەپی سوسیالیستی نۆروێژی کرد و دوایین جموجۆڵەکانی حیزبی دێموکراتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خستە بەر باس.

ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، سەردانی حیزبی چەپی سوسیالیستی نوروێژی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی ئەو حیزبەوە سەرپەرەستی ‌هەیکی هوڵمۆس ئەیدسڤوڵ ئەندامی پارلمانی ئەو وڵاتە پێشوازی لێ کرا.

لەم دیدارەدا، دوایین جموجۆلەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێڕشی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور باسی لێ کرا.

لەم پێوەندییەدا، ئامانجی حیزبی دیمۆکرات لە گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شار باسی لێ کرا و نییەتی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکرات تەئکیدی لە سەر کرایەوە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات هەروەها باسی لە ئەگەری هێرشی هەوایی و زەمینی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات کرد و داوای لە لایەنی نۆروێژی کرد کە لەم بارەوە لە ڕێگای پێوەندیدارەوە هەوڵ بۆ پۆچەڵکردنەوەی نییەتی شەڕخوازانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بدات.

هەروەها هێما بە گوێنەدانی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ژیانی خەڵکی سڤیل لە کاتی شەڕەکاندا کرا.
لەو دیدارەدا، لایەنی نۆروێژی پەرۆشی بارودۆخەکە بوون و داوایان کرد کە بەردەوام لە گۆڕانکارییەکان ئاگادار بکرێنەەوە.