کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی ڕووحانی و زەریف خەڵکیان فریو داوە

13:32 - 15 بانەمەڕ 2721

بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی ڕێژیم و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، کابینەی حەسەن ڕووحانی بە فریودانی ڕای گشتی تۆمەتبار کرد.

''موجتەبا زولنووری'' وتوویەتی: لەو جێگایەی کە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە هێڵی سووریان لە بەرجام لەبە چاو نەگرت و هیچ گەرنتیەکیان لە لایەنی بەرامبەر وەرنەگرت، گوشاری گەمارۆکان خرایە سەر خەڵک ''.

ڕۆژی یەکشەممە، ''عەلی خامنەیی''، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، قسەکانی ''محەممەد جەواد زەریفـ''ـی کە لە فایلێکی دەنگیدا بڵاو ببووە بە قسەی دووپاته و دوژمنانەی ئامریکای ناو برد.

''موجتەبا زولنوری'' ڕۆژی سێشەممە بە ئاماژەدان بە قسەکانی خامنەیی، هێرشی کردە سەر دەزگای دیپلۆماسی و وتوویەتی کەسانێک کە قسەکانی خامنەیی بە مانای هیچکارەبوونی وەزیری دەرەوە و دەزگای دیپلۆماسی لێک دەدەنەوە، بە ئەنقەست و لە ڕاستای تێکدانی کەشی کۆمەڵگادا هەنگاو دەنێن.

ناوبراو هەیئەتی دانوستاندنی ناوکیی ئێرانی لە شکستخواردنی بەرجام بە بەڕپرسیار زانیوە و وتوویەتی: ئەگەر ئەمڕۆ لە وتوویژەکانی ڤییەندا، هیڵی سوور لەلایەن ئەو هەیئەتی دانوستاندنەوە لەبەرچاو نەگیرێت، سەختی و دژواری بەسەر خەڵکدا دەسەپێت.