کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی دیکەی سوپای تیرۆریستی پاسداران لە سووریە کوژرا

21:56 - 17 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: لەگەڵ درێژبوونەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سووریە و پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە بەشار ئەسەد، ڕێژەی ئەو بەرپرسانەی سوپای تیرۆریستیی پاسداران کە لە سووریە کوژراون بەردەوام بەرز دەبێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، محەممەدحوسێن عزیزئابادی، سەروانی سوپای تیرۆریستی پاسدارانی ئێران، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییانەی ئەرتەشی سووریە و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن‏دا کوژراون و بە ئەژمار کردنی ئەم بەرپرسە تیرۆریستە، ژمارەی کوژراوانی بەرپرسانی ئێرانی لە سووریە، لانیکەم گەیشتووەتە ٤٠ کەس.

ئەو بەرپرسەی سوپای ڕێژیمی ئێران، دوێنێ ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەر، لە حەلەب کوژراوە. ناوبراو ئەندامی تیپی سەربەخۆی ٢١ی ئیمام رەزای شاری نەیشابووری پاریزگای مەشهەد بووە.

ئەم هەواڵە لەکاتێکدا لە لایەن میدیاکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو دەبێتەوە کە ڕۆژێک بەر لە بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەمیر حوسێن هیدی، ئەندامی سوپای تیرۆریستیی پاسداران، لە سووریە کوژرابوو. بەشداریی هێزەکانی سوپای پسدارانی ئێران لە پاڵ ئەرتەشی سووریە، دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، زیانی قورسی بەدواوە بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا رایگەیاندووە کە، بەهۆی زیادبوونی یارمەتییەکانی عەرەبستان بۆ دژبەرانی بەشار ئەسەد، هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەرتەشی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی، حیزبۆڵڵای لوبنان، سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و هێزە ئاسمانییەکانی رووسیە، نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بپێکن.

ئەو هەواڵدەرییە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە، هێرشە هاوبەشەکانی ئەرتەشی سووریە، حیزبۆڵڵای لوبنان و سوپای پاسداران، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچە کەنارئاوەکانی سووریە، کە بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد گرینگییەکی زۆری هەیە، سەرکەوتوو نەبووە.