کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی سپای تێرۆریستی پاسداران دانی بە یارمەتیدانی حووسییەکاندا نا

13:15 - 2 بانەمەڕ 2721

جێگری ئابووریی سپای قودس لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان دانی بەوەدا ناوە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران فێرکاریی نیزامیی بە میلیشیا چەکدارەکانی حووسیی یەمەن داوە.

"ڕۆستەم قاسمی" جێگری ئابووریی سپای قودسی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان وتوویەتی کە حووسییەکان هەرچیکیان هەیە لە چەکوچۆڵ و کەرەستە لە سایەسەری یارمەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوەیە.

قاسمی دانی بەوەدا ناوە کە ئەفسەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لەگەڵ حووسییەکاندان و یارمەتیی چەکوچۆڵ و فێرکارییان پێ دەدەن.

هەروەها "مەعمەر ئەلریانی" وەزیری زانیاری گەیاندنی دەوڵەتی یاسایی یەمەن، لە تویتەری خۆیدا لە کاردانەوە بەرانبەر بە دەربڕینەکانی ڕۆستەمی نووسیویەتی: "دانپێدانانەکانی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران لە یارمەتیگەیاندن بە میلیشیا حووسییەکان ئاشکرایە و تازەترینیان دەربڕینەکانی ڕۆستەم قاسمی جێگری ئابووریی سپای قودسە کە دانی بە ڕۆڵگێڕیی تاران لە پشتیوانیکردن لە میلیشیا چەکدارە حووسییەکاندا و دەستێوەردان لە شەڕدا بە سوودی ئەوان، ناوە".

ئەلریانی هەروەها وتوویەتی: "هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران پێشێلکردنی ئاشکرای یاساکان و کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتی و بە چالشدا کێشانی ئیرادەی کۆمەڵگای جیهانییە".