کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی سپای تێرۆریستی پاسداران: ئێمە تەقە لە کۆڵبەران ناکەین

11:05 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی بەناو سنوورپارێزی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدستانی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، ئێمە دژی کار کۆڵبەران نین و تەقەشیان لێ ناکەین.

کۆڵبەران لە کوردستاندا لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام دەکوژرێن و بریندار دەبن و لەو پێوەندییەشدا کاربەدەستانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیم، کۆڵبەران بە قاچاغچی، دژبەری نیزام و شەڕخواز لە قەڵەم دەدەن.

لە بارەی کۆڵبەرانەوە، "کەیومەرس شێخی"، یەکێک لە کاربەدەستانی سپای تێرۆریستی پاسداران، کە فەرماندەیی بەناو سنوورپارێزی لە ئەستۆیه، باسی لەوە کردووە، ئەمنییەتی سنوورەکان لەوپەڕی خۆیدایە.

ناوبراو وتوویەتی: هێزی ئینتزامی ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی لە ئەستۆیە و هیچ کاتیش ئێمە دژی کاری کۆڵبەری نین.

ئەو کاربەدەستە نیزامییەی ڕێژیمی لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، ئێمە تەقە لە کۆڵبەران ناکەین و نایانکوژین، بەڵام هەندێک کەس بەپێچەوانە هەواڵی لەم چەشنە بڵاو دەکەنەوە و کاتێک قاچاغچییەک دەکوژرێت باسی کۆڵبەران دەکرێت و دڵسۆزیان بۆ دەکەن.

هاوکات لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، خەڵک وا پیشان دەدات کە ئێمە دژی خەڵکین.

کوژران و بریندارکردنی کۆڵبەران لە شاخەکانی کوردستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت هێزی ئینتزامی، حاشای لێ ناکرێت و کاربەدەستانی ڕێژیم ئەو ڕاستییە دەشارنەوە.

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە کۆڵبەران، ئیدعای ئەو کاربەدەستە نیزامییەی ڕێژیم ڕەت دەکاتەوە کە ئێمە تەقە لە کەس ناکەین و دژی خەڵک نین.

تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا، نزیک بە ١٠٠ کۆڵبەر لە لایەن هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوونە، کە ئەوەش درەخەری ئەوەیە ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم چەواشەکاری دەکات.