کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی وەزارەتی پیشەی ڕێژیم: ئەو مریشک و ڕۆنەی هاوردەی ئێران دەکرێت، بۆ دەرەوە قاچاخ دەکرێنەوە

12:06 - 25 رەشەمه 2720

کاربەدەستێکی وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیمی ئیران وتوویەتی کە هێندێک لە کاڵا بنەڕەتییەکان کە بە دراوی ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی هاوردەی ئێران دەکرێن، سەرلەنوێ بە شێوەی قاچاخ بۆ دەرەوەی ئێران دەنێردرێن.

''سەدیف بەیکزادە'' بەرپرسی نووسینگەی کاروباری بازرگانیی ئەو وەزارەتەی ڕێژیم لە وتووێژێکدا، مریشک و ڕۆنی وەکوو کاڵایەکی سەرەکیی هاوردەیی ناو بردووە کە هەناردەکردنی فەرمیی ئەو کاڵایانە قەدەغەیە، بەڵام بەشێک لەو کاڵایانە لە ڕێگای قاچاخەوە لە ئێران هەناردە دەکرێن.

ناوبراو باسی لە ڕێژەی هەناردەکردنی ئەو کاڵایانە نەکردووە، بەڵام وتوویەتی کە نرخی ئەو کاڵایانە لە نێوخۆ بەنیسبەت دەرەوە نزیکەی یەک لەسەر پێنجە، هەر بۆیە قاچاخی ئەو کاڵایانە بەرز دەبێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا زۆرێک لە کاڵاکانی وەکوو مریشک و ڕۆن لە بازاڕەکانی ئێران و کوردستاندا سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکانیان بە کەمی وەدەست خەڵک دەکەون و خەڵک ناچارن بۆ کڕینی ئەو کاڵایانە لە سەفی دوورودرێژدا ڕاوەستن.