کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی پێشووی ئامریکایی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو کات بە ئاشتی دەگات کە ڕێژیمی ئێران بڕووخێت

13:12 - 9 پووشپەڕ 2722

''کێن بلەک ول'' باڵوێزی پێشووی ئامریکا لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارێکدا بۆ ماڵپەڕی ''سی ئێن ئێس نیووز'' نووسیویەتی: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو کات بەرەو ئاشتی دەڕوات کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڕووخێت و خەڵکی ئێران بە ئازادی بگات و ئامریکا لەو ڕاستایەدا دەبێ لەگەڵ خەڵکی ئێران هاوپەیمانیەتیی ستراتیژیک پێک بێنێت".

بە وتەی ''بلەک ول''، ڕێژیمی ئاخوندەکان لە ئێران لەگەڵ کیشەیەکی زۆر بەرەوڕوون؛ خۆپیشاندانەکانی دژی ڕێژیم بە دروشمگەلێکی وەکوو ''نەمان بۆ خامنەیی و ڕەئیسی'' درێژەی هەیە و ڕێژیم لە سەرکوتکردنی خەڵک داماوە و ئەوە پیشانی دەدات کە ئێران ئامادەی گوڕانی ئەو ڕێژیمەیە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە ئامریکاییە: "داهاتووی ئێران بە هەوڵ بۆ ئازادی، دێموکراسی و سیستمێکی پلۆراڵ گرێدراوە کە بە ئاشکرایی لەگەڵ دیکتاتۆریی پاشایەتی و دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئاخوندی جیاوازیی هەیە".

هەروەک چۆن ''مایک پێنس''، جێگری پێشووی سەرۆکۆماری ئامریكا هۆشداریی دابوو: "ڕێژیمی تاران هەوڵ دەدات جیهان ڕازی بكات كە خۆپیشاندەرانی ئێران دەیانەوێت دەسەڵاتی دیكتاتۆریی شا بگەڕێننەوە، بەڵام درۆكانیان ئێمە بەلاڕێدا نابات".

ناوبراو وتوویەتی، پێویستە دەوڵەتی ''بایدن'' وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام ڕابگرێت و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکات و جەختیشی کردەوە کە ئامریکا هەرگیز ڕێگا بە تاران نادات چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت.

''بلەک ول'' لە کۆتاییدا لەسەر ئەوە جەختی کردەوە کە لە کاتێکدا خەڵکی ئێران ئازایانە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەیکە ئێران لە چەنگی ئاخوندەکان دەربێنن و چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، ئامریکا دەبێ "هاوپەیمانیەتیی ستراتیژیک" لەگەڵ خەڵکی ئێران پێک بێنێت.