کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیم: لە ڕاستیدا زیندانیی سیاسیمان نییە

17:35 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە زیندانەکانی ئێران لە زیندانیی سیاسی ئاخنراون، وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم وتوویەتی کە لە ڕاستیدا زیندانیی سیاسیمان نییە.

"غوڵام حوسێن ئیسماعیلی"، وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا لە تلویزیۆنێکی سەر بە ڕێژیم، وتبووی: "لە ڕاستیدا لە ئێراندا زیندانیی سیاسیمان نییە"؛ هەروەها وتبووی: "ئەگەر زیندانیی سیاسی هەبێت، یان "تێرۆریستن" یان "دژبەری نیزام و شۆڕشن"، یان لەگەڵ سرویسە سیخوڕییەکان پەیوەندییان هەبووە و ئەمانەش زیندانیی سیاسی نین".

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە سپای پاسدارانی خودی ئەو ڕێژیمە، وەک هێزێکی تێرۆریستی ناسێندراوە و بەردەوام لە حاڵەتی سیخوڕیکردن لە وڵاتانی دژبەریدایە و بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کردەوە قێزەونانە و دژی مرۆڤانەکانیان، نکۆڵی لە ڕاستییە ڕوونەکانی نێو ئەو ڕێژیمە دەکەن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، بەپێی ڕاپۆرتێکی بلاو کراوە لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ژمارەی گیراوانی سیاسی لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی لە ئێراندا، زیاتر لە ٧ هەزار کەس خەمڵێندراوە.

هەروەها بەپێی ئاماری وەزارەتخانەی ئامریکا، ژمارەی زیندانییانی سیاسی لە ئێراندا ٨ هەزار کەسە.

ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران، گەلانی بندەستی خۆی کە بۆ مافە ڕەواکانیان بەرانبەر بە زوڵم و داگیرکارییەکانی ئەو ڕێژیمە وەدەنگ دێن، دەستبەسەر دەکات و تووشی ئەشکەنجە و لێدان و کۆت و بەندیان دەکەن و زۆربەی کاتیش بەنهێنی لە سێدارە دەدرێن، یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دەدەن.