کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیم وتوویەتی، لە ئەگەری بەردەوامیی دۆخی ئێستای کۆرۆنا ڕێژەی قوربانییان زۆر زیاتر دەبێت

12:20 - 21 رەزبەر 2720

ئەندامێکی ستادی بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیم دژی کۆرۆنا وتوویەتی، دۆخی کۆرۆنا لە ئێران زۆر مەترسیدارە، تەختی پێویستمان بۆ تووشبووان نییە و ئاماری قوربانییان و تووشبووان لەهەڵکشانی زیاتردایە.

"مینۆ موحرەز" ئەندامی ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی کۆرۆنا لەهەمبەر نەبوونی تەختی پێویست لە نەخۆشخانەکانی ئێران وتوویەتی: "تەختی خاڵیمان بۆ تووشبووان نییە و دەبێ تووشبووان لە سەفدا چاوەڕێ بکەن هەتاکوو تەختەکان خاڵی دەبن".

"موحرەز" باسی لەوە کردووە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژەی قوربانییان ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەت بووە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە نەخۆشخانەکانی تاران کردووە و وتوویەتی: "سەرەڕای ئەو نەخۆشخانانەی کە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تایبەت کراوە، هەندێک لە نەخۆشخانەکانی دیکەش نەخۆشی کۆرۆنای تێدا خەوێندراوە و لە دابڕگە کراون".