کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی ژیردەریایی ئامریکا بە تۆڕی ماسیگرتن ڕاو دەکەین

11:24 - 4 بەفرانبار 2720

جێگری بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە تووێژێکدا لەگەڵ میدیایەکی ڕووسی وتوویەتی، ئێران نیگەرانی هاتنی ژیردەریایی ئامریکا بۆ کەنداو نییە، چونکە ئێمە دەتوانین بە ئاسانی لە ئاوەکانی کەنداودا بە تۆڕی ماسیگرتن ژێردەریایی ئامریکا ڕاو بکەین.

ناوبراو وتوویەتی، ساڵی ڕابردووش توانیمان فرۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئامریکا لە کەنداو بەردەینە خوارەوە.

ڕێکەوتی ١ی بەفرانبار، هێزی دەریایی ئامریکا ڕایگەیاندووە ژێردەریایی ''یو ئێس ئێس جۆرجیا'' لە گەروی هۆرموز تێپەرێوە و چووەتە نێو ئاوەکانی کەنداو.

ئەم ژێر دەریاییە بە وزەی ناوکی کار دەکات و توانای هاویشتنی مووشەکی هەیە و بە ١٥٤ مووشەکی کروزی ''تام هاک'' تەیارە.

دوای هاتنی ئەم ژێردەریاییە بۆ ئاوەکانی کەنداو، بەرپرسانی فەرمیی نیزامی و دیپلۆماتیکی ڕێژیمی ئێران هیچ کاردانەوەیەکی جییدیان لە خۆیان نیشان نەداوە، بەڵام سەید '' ئەمیر حوسێن قازی زادە'' جێگری بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو، یەکەم جار نییە کە ئەم جموجۆلە ڕوو دەدات، ئاوەکانی کەنداو هەمیشە هێزی دەرکی تێدابووە و ئەویکە ئامریکا و بریتانیا لە کەنداو پایگایان هەیە بەو مانایەیە کە ئیسرائیل دزەی لە ناوچەکەدا کردووە.