کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران گەندەڵییەکی ٨٠ هەزار میلیارد تمەنیی کردووە

13:10 - 6 بانەمەڕ 2720

گۆشەیەک لە گەندەڵیی چەند هەزار میلیاردیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زمانی یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمەوە ئاشکرا کراوە.

''عەلیڕەزا زاکانی'' بەناو نوێنەری قوم لە مەجلیسی ڕێژیمدا باسی لە گەندەڵیی ماڵیی ٨٠ هەزار میلیارد تمەنیی ''ئەکبەر تەبەری'' کردووە.

''ئەکبەر تەبەری'' لە کاتی گەندەڵییەکەدا جێنشینی ئیجرایی سەرۆکایەتیی هێزی دادوەریی ''سادق ئامولی لاریجانی'' بووە.

''عەلیڕەزا زاکانی''، باسی لەوە کردووە کە ''ئەکبەر تەبەری'' ١٠٠ هێکتار زەویی بە بڕی ٣٧ ملیارد تمەن کڕیوە و بە گۆڕینی کاربەریی ئەو زەوییانە و فرۆشتنیان بە ٨٠ هەزار میلیارد تمەن، ئەو گەندەڵییەی بەبار هێناوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە گەندەڵیی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم  ناڕەزایەتیی خەڵک و خاوەن زەوییەکانی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام دەنگی ئەوان بە هیچ کوێیەک نەگەیشت.

لەنێو سیستمی گەندەڵکاری ڕێژیمی ئێراندا ساڵانە بە هەزاران حاڵەتی گەندەڵی ئاشکرا دەبێت کە هیچ کاتێک ئەو گەندەڵکارانە نە زیندانی دەکرێن و نە لێپیچینەوەیان لێ دەکرێت و نە سزا دەدرێن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران لەوپەڕی هەژاری و بێدەرەتانیدا ژیان بەسەر دەبەن و نانی شەویان لەنێو زبڵدانەکاندا وەچنگ دێنن و دیاردەی گورچیلە فرۆشی و منداڵ فرۆشیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.