کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی کاروباری ژنان و بنەماڵە دژایەتی بەرگری لە هاوسەرگیریی منداڵان دەکات

10:32 - 14 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی گەڵاڵە و بەرنامەی شۆرای فەرهەنگیی کۆمەڵایەتیی ژنان و بنەماڵە، دژایەتیی خۆی لە هەمبەر قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن دەربڕی.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، فریشتە ڕۆح‌ئەفزا، بەرپرسی گەڵاڵە و بەرنامەی شۆرای فەرهەنگیی کۆمەڵایەتیی ژنان و بنەماڵە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنادا باسی لەوە کردووە: کە کچانی تەمەن ١٣ ساڵ، لە پێوەندییە جنسییەکان تێدەگەن و بەدواداچوونیان بۆ دەکەن، بۆیە لەم تەمەنەدا پێویستیان به ژیانی هاوبەش و هاوسەر هەیە.

ناوبراو سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕاگەیاندنی ئامار خۆی بواردووە، باسی لەوە کردووە، کە زۆرترین تەمەنی کچانێک کە لە ماڵەوە هەڵدێن، لە نێوان ١٣ تا ١٥ ساڵ تەمەنیان هەیە، ئەگەر هاوسەرگیریش لە تەمەنی

خوارەوەدا قەدەغە بکرێت، ئەوە تەنیا کاریگەری لەسەر زیادبوونی ڕێژەی ئەوانە دادەنێت کە ماڵ بەجێ دەهێڵن.

ڕۆح‌ئەفزا هەروەها ڕایگەیاندووە: بەداخەوە تەمەنی لەشفرۆشی لە کچاندا بەپێی ئامارەکان هاتووەتە خوارێ، هەروەها تەمەنی هاوڕێیەتی نێوان کچ و کوڕیش نزم بووەتەوە، بۆیە ئەو کچانەی کە تەمەنیان لە دەوروبەری ١٣ ساڵدایە، لە پێوەندییە جنسییەکان تێدەگەن، کەوابوو پێویستیان به هاوسەرە.

ناوبراو لە قسەکانیدا سەرەڕای ئاماژەکردن به هەبوونی جۆرەکانی دەنگەبەر و هەروەها دنیای مەجازی کە لەم بوارەدا لەسەر تاکەکان کاریگەریی دادەنێت، وتوویەتی: هۆکارەکانی هەڵخڕانی بوارە جنسییەکان لە کۆمەڵگادا زۆرە و ئەمە هۆکاری سەرەکیی بۆ بەلاڕێداچوونی کچان و پەرەسەندنی لەشفرۆشییە.

قسەکانی ڕۆح‌ئەفزا سەبارەت به پەرەسەندنی ئەم بابەتە لە حاڵێکدایە، کە خودی بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئاوڕێک لە دۆخی منداڵان و هەرزەکاران لەو تەمەنەدا نادەنەوە و ئەم بە ناو بەرپرسە دڵسۆزە لە جیاتی خەسارناسیی بابەتەکە و پێشنیارکردنی ڕێگەچارەی گونجاو وەک پەروەدەی دروست لە قوتابخانە و بنەماڵەکاندا و هەروەها فەرهەنگسازیی بەجێ لە کۆمەڵگادا، لەگەڵ قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵان لەم تەمەنەدا دژایەتی دەکات.