کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ئیسرائیل: چەند کەسی سەر بە سپای قودس لە تورکیە دەسبەسەر کراون

11:53 - 24 جۆزەردان 2722

لە دوای گرژییەکان و زۆربوونی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دژی ئیسرائیل و شارۆمەندانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە و جیهاندا، بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە کە چەند کەسی سەر بە سپای تێرۆریستی قودس لە تورکیە دەسبەسەر کراون.

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' ڕۆژی دووشممە ٢٣ی جۆزەردان لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تورکیە چەندین کەسی سەر بە لقی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە گومانی ئەوەیان لەسەر بووە دژی ئیسرائیل پیلان دادەڕێژن، دەسبەسەر کردووە.

دوابەداوی ئەوە، ''نەفتالی بێنێت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە شارۆمەندانی ئەو وڵاتە کرد سەفەر بۆ تورکیە و بە تایبەت بۆ شاری ''ئیستانبول'' نەکەن و بە زووترین کات ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

هەروەها ''یائیر لاپید'' وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هاوکاریکردنی تورکیە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە بابەت پووچەڵکردنەوەی پیلانی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران، دەستخۆشیی کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕوو بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''دەمهەوێت لێرەوە ئەو پەیامە بە ڕێژیمی ئێران بدەم کە هەر کەسێک زیانێک بە ئیسرائیلییەکان بگەیەنێت، بە گیانی ساخ دەرناچێت، ئەو کەسە لە هەر شوێنێک بێت باسکی بڵیندی ئیسرائیل دەیگرێت''.