کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ئەمنییەتیی ئیسرائیل ڕۆڵی ئەو وڵاتەی لە کوشتنی "قاسم سلێمانی" ئاشکرا کرد

11:21 - 11 رەزبەر 2721

''تامیر هیمن'' بەرپرسی ڕێکخراوی زانیاریی نیزامیی ئەرتشی ئیسرائیل (ئامان) باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل لە هەڵوێستی ''ترامپ'' بەنیسبەت ڕێژیمی ئێران و هەروەها کوشتنی ''قاسم سلێمانی'' ڕۆڵی هەبووە.

ژنراڵ ''هیمن'' لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ''واڵا'' وتوویەتی، کوژرانی ''قاسم سلێمانی'' دوای ئەوە ئەنجام درا کە ئیسرائیل زانیاریی لەسەر هێرشی بەربڵاوی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە کەنداو خستووەتە بەردەستی دەوڵەتی ترامپ.

ناوبراو بە پشتڕاستکردنەوەی ڕۆڵی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لە کوژرانی قاسم سلێمانی وتی: ''زانیارییەکانی ئێمە بوو بەهۆی ئەوەیکە هەڵوێست و هەوڵەکانی ئامریکا دژی ئێران بگۆڕدرێت''.

قاسم سلێمانی کە لەلایەن ئامریکا خرابووە نێو لیستی تێرۆرەوە، لە مانگی ژانوییەی ساڵی ٢٠٢٠ لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئاماجی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئامریکا.

''تامیر هیمن'' باسی لەوە کردووە کە کوژرانی قاسم سلێمانی ئاکامی باشی بەدواوە بووە. ناوبراو لەسەر ''ئیسماعیل قائانی'' وتوویەتی: ''ئەو کەسە توانایی و دەسەڵاتی بڕیاردانی نییە''.

بەرپرسی ڕێکخراوی زانیاریی نیزامیی ئەرتشی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە ئەرتشی ئەو وڵاتە بۆ ئەگەری هێرش بۆ سەر ناوەندە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، داوای بودجەی زیاتری کردووە.

ژنراڵ ''هیمن'' لە بابەت چالاکییە ناوکییەکانی ئێران باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای پیتاندنی ئاستێکی زۆری ئورانیۆم هێشتا ڕێگایەکی زۆری ماوە کە دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە سەدان هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە کرد و وتی، ئەو هێرشانە بۆ پێشگرتن لە هەناردنی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بۆ حیزبوڵڵا و هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بووە.