کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا مەترسییەکی جیددییان لەسەرە

09:35 - 18 رەشەمه 2719

خەڵکی سەردەشت ئاگادارییان داوە کە ئەم شارە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەژێر هەڕەشەی جیددیدایە.

بەهۆی تەشەنەسەندنی بەربڵاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران، خەڵکی سەردەشت کە پێشتریش  قوربانیی کیمیایی بوونە زیاتر تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە.

سەردەشت لە پارێزگای ورمێ، خاوەنی ٥ هەزار قوربانیی کیمیاییە لە کاتی شەڕی ڕێژیمی ئێران و عێراق کە ئێستاش بەرکەوتووانی کیمیایی ئەم شارە تووشی نەخۆشیی هەناسەکێشانن و ڤایرۆسی کۆرۆنایەش هەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ خەڵکی ئەم شارە.

خەڵکی سەردەشت داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە کە ڕێوشێوێنی پێویست و تایبەت بگرنە بەر کە لەم شارەدا پێش بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بگرن.

بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم نەک هەر گوێیان بەم داواکارییەی خەڵکی نەداوەتەوە، بەڵکوو بە ناردنی ئاخوند لە شاری ''قومـ''ـەوە بۆ ئەم شارە و شارەکانی تری کوردستان، لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئەم ڤایرۆسەدان.

بەپێی زانیارییەکان خەڵک داوایان لە بەرپرسانی نەخۆشخانەی سەردەشت کردووە کە بەنیسبەت نەخۆشیی کۆرۆنا و مەترسیی جیدی بۆ سەر بەرکەوتووانی کیمیایی ئاگاداری بدات.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران به خەڵکیان ڕاگەیاندووە، ئێمە لەبەر پارێزگار ناتوانین باس لە شتێکی وا بکەین و ئیزنمان نییە.