بەرگی ١١ و ١٢ی "فەرهەنگی زارەکیی موکریان" لە نووسینی "سەلاح پایانیانی" چاپ و بڵاو کرایەوە.
بەرگی یازدەهەمی "فەرهەنگی زارەکیی موکریان" کە تایبەت بە پیتی "قافـ"ـە، ۸۸۲ لاپەڕەی "وەزیریـ"ـیە.
دوکتور "ئەحمەد محەممەدپوور" مامۆستای بواری "مرۆڤناسی و کۆمەڵناسیی زانکۆی ماساچۆسێت، ئەمهێرست" دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەیەک فەرهەنگی وشە و وشەدانی زۆر لە زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا نووسراون، فەرهەنگی زارەکیی سەلاح پایانیانی هەندێک تایبەتمەندیی کەموێنەی هەیە کە کردوویەتی بە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی لە مێژووی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان".
بەرگی دوازدەهەم کە تایبەت بە پیتی "کافـ"ـە ۱۳۳۴ لاپەڕەی "وەزیریـ"ـیە.
دوکتور "کەماڵ سلێمانی" مامۆستای مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەشێک لە پێشەکییە تێروتەسەلەکەیدا دەڵێت: "فەرهەنگی زارەکیی موکریان ئەرشیڤێکی زمانیی نەتەوەیی و ئینسکلۆپیدیای ئەدەبی زمانی کوردییە. فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەبایەخترین خەڵاتی مێژووییە کە تا ئێستا بە زمانی کوردی پێشکەش کراوە و گەورەترین فەرهەنگی نەتەوەییە کە تا ئێستا کوردستان بەخۆیەوە بینیویەتی".
"فەرهەنگی زارەکیی موکریان" لە ڕاستیدا قەڵایەکی لەبننەھاتوو و مێژوویی دروست کردووە و یەکێک لە بزێوترین پارێزەرانی زمان و ئەدەبی کوردییە کە ئەم زمانە بۆ هەمیشه له با و باران دەپارێزێت.