کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرینکردنەوەی حەوزەی ئەندامەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران باسی لەسەر کرا

16:00 - 15 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دوازدەهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو و کۆمەڵێک باس و بابەت پرس و ڕای لەسەر کرا.

 ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆ بوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵە باس و بابەتێکی پێوەندیدار بە کار و ئەرکەکانی ناوندی هاوکاری خرانە بەرباس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.

 لە سەرەتای کاری کۆبوونەوەکەدا، "عومەر باڵەکی"، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە ئەم ماوەیە بەرپرسایەتیی دەورەی ناوەندی لە ئەستۆ بوو، دەستووری کاری کۆبوونەوەکەی خستە بەرباس و لە بڕگەیەکی دیکەدا، "سۆران نووری" ڕاپۆڕتێکی لە کار و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی لەم دەورەیەدا پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەپێی دەستووری کار ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی ١١ی ناوەند تاوتوێ کرا و چەند و چۆنیی کار و ئەرکەکانی ناوەندی هاوکاری لە پێوەندی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستا و داهاتوو لە ئێراندا گفتوگۆی زیاتری لەسەر کرا و بڕیار درا، کە زیاتر سەرنج بدرێت بەچڕکردنەوەی هاوکارییەکان.

بابەتێکی دیکە باس لە پەرەپێدان بە کار و چالاکییەکانی ناوەند، بەرینکردنەوەی حەوزەی ئەندامەتیی ناوەندی هاوکاری بوو کە بڕیاری پێویستی لەسەر درا.

 بڕگەی دیکەی کاری کۆبوونەوەی ناوەند تەرخان کرابوو بۆ ڕاپۆرتی تێکۆشانی کۆمیتەی زمانی دایک و تاوتوێی چالاکییەکانی ٢ی ڕەشەمەی ئەمساڵ کە لە لایەن ناوەندەوە دەسخۆشی لە بەرێوەبەرانی کۆمیتەی ڕۆژی زمانی دایکی کرا.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ گوێڕاگرتن لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ کە بە سەرنج و تێبینی بەشداران بەرچاوڕوونی زیاتر درا بە بەڕێوەبەرانی کۆمیتەی ئامادەکاری بۆ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز.

لە تاوتوێی باسەکانی ئەم دانیشتنەدا چەند باسێکیان بڕیاریان بۆ درا و تاوتوێی زیاتری چەند خاڵێکی دیکەش راسپێردرا کە لە دانیشتنەکانی دوایی ناوەنددا بڕیاریان لەسەر بدرێت .