کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی سمیناری "کۆماری کوردستان سەرچاوەی ئیلهام بۆ بنیاتنانی داهاتوو"

12:39 - 1 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان سمینارێکی تایبەتی بەم بۆنەوە لەژێر ناوی "کۆماری کوردستان سەرچاوەی ئیلهام بۆ بنیاتنانی داهاتوو" لە دوو پانێلدا بەڕێوەبرد.

لەو سمینارەدا کە ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی بەفرانبار لە شاری هەولێر و بەبەشداریی نوێنەرانی کۆمەڵێک لە حیزبە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و میدیاکار بەڕێوەچوو، سەرەتا کورتەفیلمێک لەسەر چۆنیەتیی دامەزرانی کۆماری کوردستان پیشان درا. دواتر عەلی بداغی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٣ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستانی خوێندەوە.

لە پانێلیی یەکەمی سمینارەکەدا کە مەنسوور مروەتی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوەی دەبرد، دوو باس پێشکەش کران. سەرەتا حوسێن نازدار، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێکی پێشکەش کرد لە ژێر ناوی: "دێموکراسی و مافی شارۆمەندی لە کۆماری کوردستاندا."

حوسێن نازدار قسەکانی بەوە دەست پێکرد کە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان نوختەگۆڕانێکی گرینگە لە مێژووی خەباتی کورددا و کورد بە پێکهێنانی کۆمار بەرگریی لە سەروەریی نیشتمانیی خۆی کرد. کۆماری کوردستان بەرهەمی ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد بوو، ئی هەموو کورد و بۆ هەموو کوردستان بوو، بۆیە ئێستاش ڕەمزی یەکیەتی و یەکبوونی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستان.

ئەندامی ناوەندی سیاسیی حدکا لە درێژەی باسەکەیدا، ئاماژەی بە دیمۆکراسی و مافی شارۆمەندی لە یەکەم کیانی کوردی لە شکڵی کۆماری دا و  رۆڵی پێشوا و بەرێوەبەرانی کۆماری کوردستانی لە پەرەپێدانی ئەو بیر و ئەندێشە مودێرنانە بەرز نرخاند.

‌‎لەو پێوەندییەدا یاسا و بنەما دیمۆکراتیەکانی کۆماری کوردستان وەک نەبوونی زیندانی سیاسی، مافی کەمینەکان، رێزدانان بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وەک لاوان و ژنان و ..وەک ئەزموونی پرشنگدار وسەرکەوتوو لە مافە دیمۆکراتی و شارۆمەندییەکان زانی و لە هەمانکاتدا دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستانی بە وانە و ئەزمونێک ،بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو زانی و رایگەیاند ئەو فەزای کە کۆماری کوردستانی تێدا خوڵقا زیاتر لە ۹٥٪ ی کۆمەڵگا نەخوێندوار بوون، بەڵام سیستمی حکومرانی کۆمار و بەهاکانی وەک دیمۆکراسی، مافی مرۆڤ و مافی ژن و ... ئێستاش هژموونی زاڵن لە هەموو جیهاندا و باسی لەوەکرد کە هەموو کار و بەرنامەی کۆمار بۆ دوو ئامانج بوو. دابینکردنی مافی ڕەوای نەتەوایەتی و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵانی خەڵک. پێشەوای کورد و کۆمار پێی وابوو کە خەڵک مافی خۆیانە دێموکراسی و نێعمەتی سەربەستی و ڕزگارییان هەبێ و هەوڵ درا لە ڕێگای پێکهێنانی دەزگا و دامەزراوەی تایبەتی خەڵک وشیار بکرێنەوە تا هەم مافەکانی خۆیان بناسن و هەم دەسکەوتەکانی کۆمار بپارێزن.

کۆڕگێری دووهەمی ئەم پانێلە ئەردەڵان فەرەجی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو کە باسەکەی لەژێر ناوی "هەلومەرج و دۆخی ئەو سەردەم لە بواری نێونەتەوەیی و دەرس و ئەزموونەکان لەو بوارە"دا پێشکێش کرد.

ئەردەڵان فەرەجی لە سەرەتای قسەکانیدا بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی پێش و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی و کارتێکەریی لەسەر چارەنووسی گەلان گوتی دامەزرانی ژێکاف لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیەکی ڕوون و گرینگە بۆ کەلکوەرگرتنی کورد لە فۆڕمە نوێیەکانی کاری ڕێکخراوەیی بۆ دەستەبەری ئامانجە نەتەوەییەکان.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە ئاماژە بە چەندوچۆنیی پشتیوانیی دەرەکی لە جووڵانەوە ڕزگاریخوازییەکان، باسی لە ئامانجەکانی سۆڤییەت لە پشتیوانیکردن لە کۆماری کوردستان کرد کە بریتی بوون لە ڕاکێشانی سۆز و عەتفی خەڵکانی ناوچە بۆ دروستکردنی ڕوخسارێکی ڕزگاریدەر لە خۆی لەلای نەتەوەکان، فشارخستنە سەر دەوڵەتی ناوەندیی ئێران بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز و دژایەتیی بەرەی ڕۆژاوا.

ئەردەڵان فەرەجی لە کۆتایی باسەکەیدا گوتی کۆماری کوردستان درەوشاوەترین ڕووداوی مێژووی کورد لە سەدەی ڕابردوودا بوو و، بە ئاماژە بە هۆکارەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستان گوتی: ئەزموون و وانەکانی کۆمار پێمان دەڵێن پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان تا سەر نین و باشترین فاکتۆر بۆ سەرخستنی جووڵانەوە و پاراستنی دەسکەوتەکان یەکیەتی و تەبایی و یەکڕیزیی نێوخۆییە.

لە پانێلی دووهەمی سمینارەکەدا کەریم کەریمی، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان باسێکی پێشکێش کرد لە ژێر ناوی "کۆماری کوردستان لە چ بوارێکدا ڕەخنەی لەسەرە." بەڕێزیان لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کۆماری کوردستان ئەوە بوو کە كۆمار هەر لەسەرەتای دامەزرانەوە هەڵگری هەندێك ناتەبایی بوو كە كاریگەریی لەسەر رەوتی رووداوەكان هەبوو. وەک ناتەبایی لەنێوان مەفهوم و فەلسەفەی سیاسیی "كۆمار"

هێمای دەوڵەتی مۆدێرن لەگەڵ پێكهاتە ‌و ساختاری عەشایری بەهێز لە كوردستان. هەروەها ناتەبایی لە نێوان "كۆماری كوردستان"‌ و چوارچێوەی قانونی ئەساسی ڕێژیمی مەشرووتەی پاشایەتیی ئێران بەرچاوە.

ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵە دواتر باسی لەوە کرد کە كۆماری كوردستان بوو بە قوربانی سیاسەتی بەرژەوەندی زلهێزەكان، بەڵام سەرەڕای ئەمانە وەك ئەزمونێكی بەنرخ لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵكی كوردستان پێگەی كۆماری كوردستان ‌و كەسایەتی قازی محەممەد بۆ هەمیشە دەدرەوشێتەوە و هەڵكردنی ئاڵا و ڕاگەیاندنی كۆمار، بزاوتی ڕزگاریخوازی كوردی گەیاندە قۆناغێكی نوێ و پاشخانێكی بۆ نەوەی دواتری کورد دروست کرد کە دەبێ هەوڵ بدرێ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانی پێ بەهێز بكرێ.

دوایین کۆڕگێری سمینارەکە عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە باسی لە "ڕۆڵی کۆماری کوردستان لە پەرەگرتنی هەستی نەتەوایەتی"ی کرد. بەڕێزیان باسی لەوە کرد کۆماری کوردستان کە لە سەدەی بیستەمدا ڕاگەیەندرا یەکەم دەسەڵاتداری بە شێوەی کۆمارییە و لە سەردەمی خۆیدا توانی ببێتە ڕەمز و نوێنگەی یەکیەتی و یەکپارچەیی نەتەوەی کورد. هەروەها ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار دەکرێ بە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دابندرێ؛ چونکە نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تێدا بەشدار بوون و تەنانەت هێندێکیان هەتا ڕووخانی کۆماری کوردستان لەنێو دامودەزگای ئیداری و نیزامیی کۆماردا ڕۆڵ و چالاکییان هەبوو.

 ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاشان پەڕژایە سەر ئەو ئەرکانەی کۆماری کوردستان بۆ خۆی دیاریی کردبوون، وەک دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکان، جێگیرکردنی دێموکراسی، هیماسازی، بووژاندنەوەی ئابووری و بەهێزکردنی دیپلوماسی.

بەڕێزیان لە کۆتایی باسەکەیدا هیوای خواست هەر وەک چۆن ئاڵای کوردستان بۆتە موڵکی نەتەوەی کورد، ئاواش کار بکرێ بۆ ئەوەی کە کۆماری کوردستان و یەکەم دەسەڵاتی مۆدێرن وسەردەمیانە ببێتە موڵکی نەتەوەیی و هەوڵ بۆ بووژاندنەوەی دەسکەوتەکانی کۆمار لە هەر بەشێکی کوردستاندا بدرێ.

شایانی باسە کە جیا لە بەشداریی نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان، کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش بە بەشداریی و پێشکەشکردنی چەپکەگوڵ بە بەڕێوەبەرانی کۆڕیادەکە، ڕێزیان لە هاتنەوە دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان گرت.