کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا لە پارێزگای سنە بەردەوامە

13:27 - 10 خاکەلێوه 2720

خەڵکی شار و گوندەکانی پارێزگای سنە بە شیوەیەکی خۆبەخش خەریکی دروستکردنی ماسک و هەروەها دژەگەندکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایەن.

له گوندەكانى "هەشەمێز، مێراو و گەلێن"، كچان و ژنانى ئەو چەند گوندەی ناوچەى ژاوەرۆى سنه، ٥ هەزار ماسکیان دروست كردووە و پاش ئسترلیزەکردن، بەشێكى له سنه و بەشێكى ديكەى له ئەو ٣ گوندە و گوندەكانى ديكەى ژاوەرۆى سنه بەسەر خەڵکدا دابەش كراوه.

هەروەها بەگشتی سنە لەلایەن خەڵکەوە دابڕگە کراوە و خەڵکی خۆبەخش و کەمپەینەکان خەریکی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تەشەنای ئەو ڤایرۆسەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا لاوان و کەمپەینی گوندی "قوڕیچیا" سەر بە شاری دێولان لە ناوچەی لەیلاخ دەستیان کردووە بە دژەگەندکردنی شەقام و کۆڵانەکانی ئەو گوندە.

هاوکات کەمپەینی "هاودڵیی کوردستان" کە ماوەیەکە لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سنە و خەڵکی خۆبەخشی ئەو شارەوە دەستی پێکردووە بەردەوامە لە چالاکییەکانی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و داوای لە خەڵک کردووە کە پەیوەست بن بەو کەمپەینە بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتی لە کەمپەینە خەڵکییەکانی شار و گوندەکانیش بکەن.