کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە بۆمبارانکردنی حیزبە کوردییەکان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

12:53 - 26 خەرمانان 2721

بەرەی یەکگرتووی کورد، سەبارەت بە هێرش و بۆمبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و لەلایەن ڕێژیمی  کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

کوردەکان گەلێک ساڵە بۆ وەدەستھێنانی مافگەلی سرووشتیی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوەندی لە بەربەرەکانێ دان، ھەرچەندی کە لەم نێوەدا بە ناوی بەرگری لەخۆیان، ھێندێک لە حیزبە کوردییەکان بڕێک جار چەکدار بوونە و کاری چەکدارانەیان کردووە، بەڵام لەمێژ ساڵە زۆربەی حیزبەکانی خۆجێیی و لەمێژینەی کورد، کاری چەکدارانەیان بە شێوازێکی بەرچاو وەلاناوە و حەز و خواستی خۆیان بۆ گوتوبێژ و دانوستان لەسەر داخوازییەکانیان دەربڕیوە، ئەگەرچی لایەنی بەرانبەر نیاز پاکیی خۆی لەم بارەوە نەخستووەتە ڕوو و زۆرجاران متمانەی بردووەتە قەتڵگا.

بەو حاڵە، ئەزموون پێشانی داوە، کە چارەسەری کێشەی کورد، بە ھیچ شێوەیەک، لە رێگای سەرکوت، ئیعدام، بەرکەوتنی سەربازی، شەڕ، گولـلە و سێدارە چارەسەر ناکرێ و ئەم چەشنە تێکھەڵچوونانە لە ھەرلاوە رێگەچارەیەکی بنەڕەتی بۆ کردنەوەی دەریچەیەک بۆ دەربازبوون لەم بەربەستەی ئێستا و کردنەوەی کێشەکە نابێ.

 گرفتی سەرەکیی کۆمەڵگای کوردی، لابردنی ھەڵاواردەیی و بێدادییە و سەقامگیرکردنی دادە لە بوارەکانی شکۆ و دارایی و دەسەڵات و وەدەستھێنانی مافەکانی نەتەوایەتی، فەرھەنگی، ڕامیاری و ئابووری، خواست و داخوازی بەرھەقی ئەوانە و جۆری ڕوانین بۆ ئەو کێشانە رێگەچارەی نیزامیی نییە.

ھەر بەم ھۆیەوە تاکوو ئێستا نەک تەنێ گشت ڕێکارە توندوتیژ و زبرەکان چارەی کێشەکەیان پێ نەکراوە،  بەڵکوو بوونەتە ھۆی گرژی پتر و ئاڵوزترکردنی بابەتەکە.

بەرەی یەکگرتووی کورد، وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی - سیاسیی کوردی، کە خوازیاری چارەسەری کێشەی کوردە لە ئێراندا و لە رێگەی ئاشتیخوازانە و بە شێوازگەلی مەدەنی و سیاسی ھەڵچنراو لەسەر لێک تێگەیشتن و دیالۆگە، لە ساڵی ٩١دا پێشنیاری ئاشتیی گشتی ھێنایە گۆڕێ، کە بە سەرنجدان بە سەرھەڵدان و ئیعتیباری ئەم بەرەیە لە کوردستانی ئێراندا، دەکرا ڕێکاری ھەرەباش بۆ لابردنی لەمپەڕەکان، بۆ دەسپێکی گوتوبێژ و دانوستانەکان بایە، بەڵام بە داخەوە حکوومەت ھەر گوێی نەدایە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆمبارانی پێگەکانی ھێندێ لە حیزبە کوردییەکان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، و ڕووبەڕووبوونەوەی چاوەڕواننەکراو لەگەڵیاندا، وا دێتە بەرچاو جارێکی تر مەترسیی ھەڵایسانی شەڕێکی بێ ئاکام بێنێتە ئاراوە کە قوربانییەکانی بێشک خەڵکی بێ دیفاع و بێ تاوان دەبن و ھیچ گومانی تێدا نییە ھۆی توندوتیژی زیاتر، ھەڵچوونی نەفرەت و بەدیھێنانی بێ ھومێدی و دڵساردی لە ڕاستە ڕاستی چارەسەری گرفتەکان لە رێگەی ئاشتی و تەساڵحەوە پێک دێنێ.

بەرەی یەکگرتووی کورد، وێڕای بێ کەڵک زانینی ھەر چەشنە بەرکەوتنێکی توندوتیژانە و زۆرەملێ لەگەڵ گیروگرفتەکانی بەردەست و بابەتی داخوازی و خواستەکانی کۆمەڵگای کوردی و مەحکوومکردنی ھەر جۆرە کردەوەیەکی توندی سەربازی، لەلایەن ھەرکام لە دوو لایەن و بانگهێشت بۆ گوتوبێژی دادپەروەرانە لە پێگەی یەکسان و راستگۆیانە، جارێکی تر سەرنجی حاکمییەتی وڵات بۆ نێوەڕۆکی ڕاگەیێندراوی ئاشتیی نەتەوەیی و سەرانسەری ئەم بەرەیە ڕادەکێشین.

ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەقڵانییەت و ئاوەز و ڕاوێژ دەیسەلمێنێ، لەم قۆناغە مێژووییەدا کە گیروگرفت و کەندوکۆسپی نێوخۆیی و ئەم  بارودۆخەی کە ئێران لە پێوەندییەکان و ئاڵوگۆری نێونەتەوەیی کە لەگەڵیان ڕووبەڕووە، لە سەروبەندی خەلەسانی قەیرانەکان و بەدیھێنانی بارودۆخی بێ سامانی ھەوسارپساو دایە، ئاشتیی نەتەوەیی و سەرنج و گوێشلکردن بۆ خواست و داخوازییەکانی خەڵکی مەینەت بەشی ئێران و لە سەرووی ھەموویاندا کوردەکان و لەبەرچاو گرتن و ھەڵبژاردنی چاکە و بەرژەوەندییەکانی گەل بەسەر ھەر زەروورەتێکدا و ھەڵگرتنی دید و ڕوانینی ئایدۆلۆژیانە وەک، بابەتی ھەرە بنچینەیی بۆ یەکڕیزی و یەکپارچەیی گەلێکی ڕوو لە زێدەیی، تەنیا ڕێگا و تاقانە دەریچەیە کە دەتوانێ وڵات و ھەڵبەتە حاکمییەتیش لە داوی کۆسپ و گرفتەکان ڕزگار بکا و درێژە و پڕھێزیی ھەر دووکیان دەستەبەر بکا.

 بێگومان دەسکەوتی زبری و قینی حکوومەت، ڕق و دووژمنایەتی گەلە، ئاگری تووڕەیی، نەک ھەر بنچینەی ھەر حکوومەتێک ، بە ھەر پلەیەک لە دەسەڵاتێ لەبەریەک ھەڵدەتەکێنێ، بەڵکوو بەرژەوەندی و مەسڵەحەتگەلی خودی میلەتیش بە ئاگری قین و تۆڵە دەسووتێنێ و دەیکاتە خاک و خۆڵەمێش، کە بەرپرسایەتییەکەی پتر و پێشتر لەھەر کەس دەکەوێتە سەر ئەستۆی دەسەڵاتداران.

بەرەی یەکگرتووی کورد، لەبەر دڵسۆزی و بە مەبەستی بەرگری لە مافەکان و داخوزە بەرھەقەکانی خەڵکی ئێران و بە تایبەت کۆمەڵگای کوردی، وێڕای بانگهێشت بە لەکارکردنی ئەقڵ و دان بەخۆداگری وریایانەی ھەردوو لایەن، جارێکی دیکەش وریا دەکەینەوە و بەبیر دێنینەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و قیناوی لەگەڵ ئەو نەیار و دژبەرانەی کە وێڕای جەختکردنەوە لە سەر خواستەکانی خۆیان دژایەتی و ئیعترازی مەدەنییان کردووە بە بەرنامەی کاری خۆیان، جگە لە ئاڵۆزکردنی کێشە و درێژکردنەوە و توندترکردنی دەسکەوتێکی نابێ.

ھەربۆیە، وێڕای بانگەواز بۆ ئارامی، نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بانگهێشتن دەکەین بۆ گۆڕینی ڕەفتار و نیگای سەبارەت بە نەیار و ناڕازییان و ئەوانەی بەدواداچوون بۆ ماف و داخوازییە بەرھەق و سرووشتییەکانیان دەکەن، ڕوون و ئاشکرایە ھیچ کام لەگرفت و قەیرانەکانی بەردەم چارەسەر نابن، مەگەر بەگۆڕانکاریی بنەڕەتی و پێداچوونەوەی یاساکان بە قازانجی مافەکانی میلـلەت و لابردنی ھەڵاواردەکانی قانوونی و دامەزراندن و سەقامگیرکردنی یاسایەکی دادپەروەرانە کە لەخۆگری مافی گشت نەتەوەکان و تاکەکانی وڵات بێ.

بەرەی یەکگرتووی کورد

خەرمانانی ١٤٠٠