کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەسیجەکانی زانکۆی کوردستان، هێرشیان کردە سەر خوێندکارە کوردەکان

17:03 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەسیجە خوێندکارییەکانی زانکۆی کوردستان لە کۆبوونەوەی نێو ئەو زانکۆیەدا، هێرشیان کردە سەر خوێندکارە کوردەکان.

ئەمڕۆ، سێشەممە، ٧ی جۆزەردان، لە کۆبوونەوەیەکی پرسیار و وەڵام، لە زانکۆی کوردستاندا، بەسیجەکانی ئەو زانکۆیە هێرشیان کردە سەر خوێندکارە کوردەکان و خوێندکارانیش بەرگرییان لە خۆیان کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا، خوێندکارانی کورد پشتیوانییان لە زمان، فەرهەنگ و جلوبەرگی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام لە هەمبەردا، بەسیجەکان بە بێڕێزی وڵامیان دایەوە و کۆبوونەوەکەیان بەرەو توندوتیژی کێشاند.

لەم نێوانەدا، خوێندکارانی کورد تەنیا بەرگرییان لە کەرامەتی خۆیان و گەلەکەیان کرد، بەڵام بەسیجییانی سەر بە ڕێژیم، بەپێی ئەو شتەی کە لە ویلایەتی فەقیهـ فێر بوونە، ویستیان خوێندکاران سەرکوت بکەن، بەڵام نەیانتوانی.

پاش ئەوەی کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا، "عینایەت جوویبار"، بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەدا، بێڕێزیی بە جلوبەرگی کوردیی خوێندکارانی کوردی ئەو زانکۆیەی کردبوو و بە پشتبەستن بە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم، هەڕەشەی لە خوێندکارانی کورد کرد کە نابێت بە جلوبەرگی کوردی بێنە نێو زانکۆوە، هەڵوێستی توندی خوێندکارانی کوردی لێکەوتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، خوێندکارانی کوردی زانکۆی کوردستان، وڵامی توندی بەسیجییەکان و بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆیان دایەوە کە بێڕێزیی بە فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردیی کردبوو و ڕۆژی شەممە، ٤ی جۆزەردان، خوێندکارانی کچ و کوڕی زانکۆی کوردستان، بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زانکۆ و کلاسەکانیاندا ئامادە بوون.

هەروەها خوێندکارانی زانکۆی ناوبراو، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێزگرتن لە تەواوی فەرهەنگ و زمانەکان، خوازیاری پشتیوانیی خوێندکاران لەم بەیاننامەیە و وڵامدانەوەی بەرپرسانی زانکۆ لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بوون.