کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشخوازیی خەڵکی ئێران بەرانبەر ئاژاوەگێڕییەکانی لە سووریەدا بە ناوی"حق‌الناس"

12:30 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئاژاوەگێڕییەکانیان لە ناوچەکەدا، بە "حق‌الناس" ناو دەبەن و داوای گەڕانەوەی تێچووەکانیان لە سووریە دەکەن.

پاسدار حشمەتوڵڵا فەلاحەت‌پیشە، بەرپرسی کۆمسیۆنی ئەمنییەت و سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕێژیم، لە ڕۆژانی رابردوودا، لەگەڵ شاندەکەی سەردانی "عەماد خەمیس"، سەرۆکوەزیرانی سووریەی کردووە و وتوویەتی: یارمەتییەکانی ئێران بە سووریە دەبێت لە پێوەندییە سیاسییەکانی نێوان تاران و دمشق یەکلا بکرێنەوە.

فەلاحەت‌پیشە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە لاتاوەوە باسی لەوە کردووە، کە بەشی ڕووسیە لە ئێران لەو وڵاتەدا زیاترە، سەرەڕای ئەوەی ئێران و ڕووسیە لە مەسەلەی بەرگریی لە سووریە هاوپەیمان بوونە و دەوڵەتی سووریە دەبێ هەڵە ئابوورییەکان بە شێوەی یەکسان دابەش بکات، هەتا هەستی جیاوازی و ناکۆکی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا پێش نەیێت.

فەلاحەت‌پیشە دووهەمین بەرپرسی ڕێژیمی ئێرانە، کە بە ئاشکرایی باسی لە بەشخوراویی ڕێژیمی ئێران لە سووریەی کردووە، ساڵی ڕابردوش "پاسدار یەحیا سەفەوی"، فەرماندەی پێشووی سپای ڕێژیم وتبووی: سووریە دەتوانێت بە کەڵکوەرگرتن لە نەوت و گاز و کانزاکانی فۆسفاتی سووریە ئەو تێچووانە بۆ ئێران بگەڕێنێتەوە.

ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بە ناوی بەرگری و هاوکارییەوە، ئەو وڵاتانە قەرزداری خۆی دەکات و لە کۆتاییشدا بە دوو ئامانجی خۆی: "ئاژاوەنانەوە و داگیرکاری" لە ناوچەکە دەگات.