کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكرات لە كۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان

13:08 - 11 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: رێکەوتی٧ و ٨ی سەرماوەز پێنجەمین كۆبوونەوەی پرسی كەمایەتیەكان لە شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە شاری ژێنێڤ بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەو كۆبوونەوەیەدابە بەشداریی هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، بە سەرپەرستی لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوی وڵات، پرسی كەمایەتییەكان و نەتەوە جیاوازەكانی جیهان لەلایەن ئەو رێكخراوانەی كە نوێنەرایەتی نەتەوە جیاوازەكانیان دەكرد وتووێژ و باسی لەسەر كرا.
نوێنەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەو كۆبوونەوەیەدا وتارێكی پێشكەش كرد و لەوێدا لەسەر هەلومەرجی مافی مرۆڤ لە كوردستانی ئێران و ئەو هەرێمانە كە نەتەوە ستەم لێ كراوەكانی تێدا نیشتەجێن دوا.
دەقی وتاری لوقمان ئەحمەدی سەرپەرستی هەیئەتی حیزبی دێمۆكرات لە كۆبوونەوەی UN
سەرەتا پێشوازی دەكەم لە پەسند كردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی گشتیی UN سەبارەت بە پێشێلكاریی مافی مرۆڤ لە ئێراندا. هەڵبەت ئێمە ئارەزوومان دەكرد كە بە لەبەرچاو گرتنی ئەو راستییە كە نەتەوەكانی ئێران لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە زۆرترین زوڵمیان لێ دەكرێ، ئەو بڕیارنامەیە جەختی لەسەر بارودۆخی ئەوان كردبا.
ئێران بە بەردەوامی سیاسەتی چەوساندنەوە و بەكار بردنی بەربڵاوی زەبروزەنگ دەرهەق بە چالاكانی سیاسی لە كوردستانی ئێران و باقی هەرێمەكانی ئێران كە نەتەوە غەیرە فارسەكان تێیدا دەژین، دەباتە پێش.
كورد، عەرەب، بەلوچ، توركەمەن، ئازەری و كەمینە ئاینییەكان وەكوو جولەكە، مەسیحی، پەیڕەوانی یاراسان و زەردەشتییەكان بەرەوڕووی هەڵاواردن دەبنەوە و لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە رۆژانە لەژێر تەوژمی زەبر و زەنگ دان.
هەروەها گرتن و زیندانی كردنی چالاكانی سیاسی و جیابیران لە ئێراندا پەرەی ئەستاندووە. حوكمی ئێعدام بەسەر چالاكانی سیاسی كورددا بە بەردەوامی دەسەپێندرێ. هەڕەشە دژ بە چالاكانی سیاسی كورد، بەلوچ و عەرەب و هەروەها نووسەران، رۆژنامەوانان، دەرهێنەران، چالاكانی سەندیكایی و داكۆكی كارانی مافی مرۆڤ دیاردەی رۆژانەن.
سەرەڕای ئەو زەبر و زەنگ و پێشێڵ كاریانە، دەیان زیندانی سیاسی كورد حوكمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە. زۆربەیان حوكمەكەیان بریتییە لە تاوانێك بە ناو موحارەب، واتا دوژمنایەتی كردن لەگەڵ خودا، لە كاتێكدا چالاكییەكانیان لە راستای بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی هەڵاواردن و چەوساندنەوە دژ بە گەلی كورد بووە.
كۆماری ئیسلامی بەردەوام مادەی ١٨٨ی قانوونی خۆی دژ بە لایەنگر، ئەندام یان هەواداری حیزبە كوردییەكان بەكار دەبا و بەو جۆرە بە موفسد فی عەرزیان لە قەڵەم دەدا. ئەو بەناو تاوانەش سزاكەی لە ئێراندا ئێعدامە.
هەروەها بارودۆخی تەندروستی محەممەد سدیق كەبوودوەند، بەرپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، بەرە و خراپی دەڕوا و رێژیمی ئیسلامیی ئێران رێگا نادا چارەسەری پزیشكیی پێویستی بۆ بكرێ.
كۆماری ئیسلامی دەبێ دەستبەجێ و بە بێ دانانی مەرج كەبوودوەند و باقی زیندانیان كە داكۆكی كاری مافی مرۆڤ، مافی ژنان و مافی نەتەوەكانی ئێرانن، ئازاد بكا. دەسبەسەر و زیندانی كردنی ئەو چالاكڤانانە دژ بە مادەی ١٩ رێككەوتنی نێوەنەتەوەی سەبارەت بە مافی مەدەنی و سیاسییە، كە ئێران واژووی كردووە.
هەروەها داوا لە UN دەكەین فشار بۆ ئێران بێنێ بۆ دابین كردنی ئەم داخوازیانە:

ــ كۆتایی هێنان بە هەڵسوكەوتی خراپ لەگەڵ ژن و منداڵ لە زیندانەكاندا.

ــ كۆتایی هێنان بە دەسبەسەر كردنی چالاكانی كورد، بەلوچ و عەرەب.

ــ كۆتایی هێنان بە ئیعدامی زیندانیانی سیاسی.

ــ ئێران دەبێ ئەركی خۆی بەپێی مادەی ١٩ی رێككەوتنی نێوەنەتەوەی سەبارەت بە مافی مەدەنی و سیاسیی بەجێ بگەیەنێ و دەست بەجێ و بێ مەرج هەموو ئەو زیندانیانەی كە بەهۆی بەكار بردنی مافی ئازادی بەیان زیندانی كراون، ئازاد بكا.