کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە 29مین کۆنگرەی لاوانی ئێنترناسیۆنال سوسیالیست

15:00 - 5 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە 29مین کۆنگرەی لاوانی ئێنترناسیۆنال سوسیالیست کەلە وڵاتی پاراگۆئە بەڕێوەچوو، بەشداریی کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ١ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، 29مین کۆنگرەی لاوانی ئێنترناسیۆنال سوسیالیست بە بەشداریی نوێنەرانی لاوانی وڵاتانی جیهان و سەرۆک وەزیرانی پاراگۆئە، لەژێر دروشمی جیهانێکی یەکسان خەون نییە، دێمۆکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ هەموانە لە وڵاتی پاراگۆئە بەڕێوەچوو.
هەیئەتێکی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەسەرپەرستیی بەڕێز ئاشتی ئازەرئه‌فشان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵات، وەک تاکە رێکخراوی کوردستانی ئێران لەو کۆنگرەیەدا، کە ٢ رۆژی خایاند، بەشداریی کرد.
لە 29مین کۆنگرەی لاوانی ئێنترناسیۆنال سوسیالیست، پەیامی بەڕێز فواد خاکی‌بەیگی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستان ئێران، لەلایەن هەیئەتی بەشداری یەکیەتیی لاوانەوە خوێندرایەوە.
لەو پەیامەدا وێڕای ئاماژە بە رۆڵ و کاریگەریی لاوانی ئێنترناسیۆنال سوسیالیست، تیشک خرابووە سەر رەوشی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتداریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە رۆژانە پەتی سێدارە خەڵاتی لاوانی ئازادیخواز دەکات و سەرەڕۆ بوونی خۆی بۆ جیهانی ئازاد و دێمۆکرات دەردەخات.
لەو کۆنگرەیەدا وەکوو کۆنگرەکانی پێشوو سەبارەت بە لاوانی کورد و گرینگی پێدانی یەکیەتیی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەو توێژە باسی لێوە کرا.
رێکخراوی لاوانی سوسیالیستی جیهان، گەورەترین رێکخراوی جیهانیی تایبەت بە لاوانە کە ١٥٠ رێکخراوی لاوانی سوسیال دێمۆکرات و لیبرال دێمۆکرات لە خۆ دەگرێت.
لاوانی زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهان، بە نوێنەرایەتیی لاوانی وڵاتەکەی خۆیان لە کۆنگرەی ئێنترناسیۆنال سوسیالیستدا بەشداری دەکەن.