کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریکردنی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن له بەرپرسی فیدراسیۆنی نەتەوەییی یەکیەتیی ژنان لە پاریس

12:37 - 22 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیرۆزبایی لە پێدانی میداڵی فەخریی شوالیه‌ی لێژیۆن دۆنۆری، بە بەرپرسی فیدراسیۆنی نەتەوەیی یەکیەتیی ژنان لە پاریس کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بەفرانبار، لە ڕێوڕەسمێکدا، لە شارەداریی پاریس، به بۆنەی خزمەتە بەنرخەکانی "فرانسواز بریه"، بەرپرسی فیدراسیۆنی نەتەوەیی یەکیەتیی ژنان لە پاریس، لە لایەن سەرکۆماری فەڕانسەوە، میداڵی فەخریی شوالیه‌ی لێژیۆن دۆنۆری پێشکەش کرا.

لەم ڕێوڕەسمەدا، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات، پێکهاتوو له شاهۆ حوسێنی، عەلی پوورئامان و ئومید ساعدی بەشدارییان کرد و پەیامی پیرۆزباییی بەڕیز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتیان پێشکەشی فرانسواز بریه کرد.

فرانسواز بریه، پاش وەرگرتنی گرینگترین میداڵی فەخریی فەڕانسه، لە ئاخافتنێکی کورتدا ڕوو لە بەشداربووان ڕایگەیاند: "وەرگرتنی ئەم میداڵە بە هۆی ئەو کەسانەوە دەبینم که لە ماوەیەکی زەمەنی تایبەتدا له هاوڕێیەتی و خەباتدا یار و هاوڕێم بوون".

ناوبراو له قسەکانیدا، به شێوەیەکی تایبەت باسی له دانیل میتران، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هەروەها دوکتور سەعید شەرەفکەندی کرد، که له خەبات بۆ ئازادی و پرەنسیپە دێموکراتیکەکاندا بۆ ناوبراو وەکوو سەرچاوە و نموونە بوون.

مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامی پیرۆزباییی خۆیدا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر لێهاتوویی و شیاوبوونی فرانسواز بریه، بۆ وەرگرتنی ئەم میداڵە، دەسخۆشی لە فیداکاری و هەوڵەکانی ئەم خاتوونه فەڕانسەیییە لە دەیەی٨٠ی زایینیدا کرد، که هاوکاریی لەگەڵ گرووپه پزیشکییە جیهانییەکان کردووە و یارمەتی به خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان گەیاندووە، که قوربانیی ڕێژیمی ئیسلامی بوون.