کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموكرات لە حەوتەمین کۆنگرەی KCD لە شاری دیاربەکر

23:29 - 20 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدرای لە حەوتەمین کۆنگرەی جڤاکا دێموکراتیک (K.C.D) لە شاری دیاربەکر لە وڵاتی تورکیەدا کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی شاندێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی محەممەد ساڵح قادری، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات پاش بانگهێشتی فەرمی لە حەوتەمین کۆنگرەی جڤاکا دێموکراتیک (K.C.D) کە لە شاری دیاربەکر بەڕێوەچوو بەشداریی کرد و بەم بۆنەوە پەیامی حیزبی دێموکراتی پێشکەش کرد.

لە پەراوێزی کاری كونگرەکەدا شاندی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران چاویان بە كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی و میدیاوانان و لایەنەكانی بەشداری كونگرە كەوت و لەگەڵ چەند کاناڵێکی تەلەفزیۆنی لێدوانی دا.

محەممەد سالح قادری لەلایەن كاناڵی TRT6ـەوە كە كاناڵی رەسمی دەوڵەتی توركیەیە بۆ بەرنامەی یەک و یەک سیاسەت‌کە بەشێوەی زیندوو بڵاو دەبێتەوە بانگهێشت کرابوو و لەو بەرنامەیەدا سەبارەت بە بارودۆخی كوردی رۆژهەلاتی كوردستان و رێژیمی ئیسلامیی و خەباتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران قسەی کرد.

9382.jpg

بەشێكی بەر چاو لە حیزب و لایەنە سیاسیەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان کە بەشداری کۆنگرە بوون و وتاریان پێشكەش كرد.

دەقی پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە حەوتەمین کۆنگرەی KCD پێشکەش کرا و لەگەڵ پێشوازیی هەیئەتی دیوانی کۆنگرە بەرەوڕوو بوویەوە، بەم چەشنەیە:

بەڕێز کۆنگرەی کۆمەڵگای دێموکراتیک (KCD)

لەگەڵ سڵاوی خەبات و بەرخۆدان

لە سەرەتادا دەمهەوێ بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران(PDKI)، بەبۆنەی دەستپێکردنی حەوتەمین کۆنگرەکەتان، پیرۆزبایی گەرمتان لێ بکەم و هیوادارم کەلە کاروبارەکانتاندا سەرکەوتووبن.

هەر وەک دەزانن کورد گەرەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت لە ئاستی جیهاندایە و خاوەنی پێوەرەکانی وەک زمان، خاک، مێژوو، کولتور، ئابووری و ئیدارەی هاوبەشە کە هێمای نەتەوەبوونی گەلی کوردن، هەر بۆیە خەباتی گەلی کورد هاوکات کە لە دژی بندەستییە خەبات بۆ ناسنامەی نەتەوەییشە.

گەلی کورد لە چەند قۆناغی مێژوویی‌دا بەرەوڕووی زۆر کارەسات و ژینۆساید و دابەشکردن بووەتەوە و لەلایەن سیستەمەکامی باڵادەستەوە بەردەوام هەوڵی زەوتکردنی مافەکان و تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و کوردستان دراوە.
هەر بۆیە خەباتی گەلی کورد بەر لەهەر شتێک خەبات بۆ مان و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی بووە.

نەو خەباتە هەموو کاتێک لەگەڵ خەبات بۆ ناسنامەی نەتەوەیی، بە رەچاوکردنی پرەنسیبە بەنرخەکانی وەک کەرامەتی مرۆیی و دێموکراسی و دادپەروەیی کۆمەڵایەتی گرێدراوە.

لە بیاڤی نەتەوەییەوە، ئەو سیاسەتە سیستەماتیکانەی کە داگیرکەرانی کوردستان لە سەدەکانی رابردوودا، بۆ زەوتکردنی ماف و ئاسیمیلەکردنی گەلی کورد بەڕێوەیان بردووە، مەترسی هەرە گەورە بووە لە دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازانی کوردستان.

بە بڕوای ئێمەش مەرجی پێکەوە مان و ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان لە جوغرافیای هاوبەشدا، بەر لەهەر شتێک قبووڵکردنی ماف و ناسنامەی وەک یەکی هەموو نەتەوەکانە.

بۆ چارەسەریی ئەو پرسە گرینگانە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران(PDKI)، لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی ناڤین سیستەمی فێدراڵی بە باش و گونجاو دەزانین. بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکان لەهەر قۆناغێکدا، ئێمە بڕوامان بە دیالۆگ و چارەسەریی ئاشتیانە هەیە.
ئێمە لە دژی تیرۆریزم لەهەر شکڵ و لەهەر جێگایەکداین و ئەو کردەوانە چ لەلایەن دەوڵەتەوە بن، یان لەلایەن رێکخراوێکەوە، مەحکوومی دکەین.

هەروەک ئێوە دەزانن رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە رۆژی یەکەمی هاتنە سەرکارییەوە تا ئێستا سیاسەتی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بەڕێوەبردووە. ئەو رێژیمە هەم لە نێوخۆدا خەڵکی کوشتووە و تیرۆر کردووە و هەمیش لە وڵاتانی‌تردا کار و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام داوە. تیرۆرکردنی دوکتور قاسملوو لەسەر میزی وتووێژ(١٣/٧/١٩٨٨) و تیرۆرکردنی دوکتور سادقی شەرەفکەندی لە ساڵی ١٩٩٢دا کە ئاکامی دادگای میکۆنۆس، باشترین بەڵگەیە بۆ تیرۆریزمی ئەم رێژیمە.

ئەو رێژیمە نە لەگەڵ خەڵکی ئێران ئاشتی دەوێ و نە لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ و جیهانیش. دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە لە کاروباری نێوخۆیی عێراق، سووریە، لوبنان و فەلەستین بەڵگەی ئەو راستییەن.

ئێمە هیوادارین کە پێڤاژۆی چارەسەریی کورد لە تورکیەدا، بەرەو سەرکەوتن بچێ و کۆتایی بە شەڕ بێنێ. چونکە دەسکەوتەکانی ئاشتی هەم بۆ گەلی کورد و هەمیش بۆ گەلی تورکیە زۆر زیاترن لەو بەدیلانەی کەلە شەڕدا بەدەست دێن.

ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەن لە ئەگەر دەسەڵاتدارانی تورکیا بیانەوێ، دەتوانن بۆ چارەسەی پرسی کورد و بەرفروانکردنی دێموکراسی لە نێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤیندا، رۆڵێکی پێشەنگیان هەبێ و ببن بە مۆدێلی دێموکراسی و پێکەوە ژیانی نەتەوە و مەزهەب و ئەتنیکە جۆراوجۆرەکان. ئێمە هیوای سەرکەوتن بۆ دوارۆژێکی وا دەخوازین و هەروەها دەڵێین: نە بۆ شەڕ و ماڵوێرانی، نە بۆ زۆرداری و ئاسیمیلەکردن، بەڵێ بۆ ئاشتی و دێموکراسی، بەڵێ بۆ ژیانێکی شەرافەتمەندانە.

سەبارەت بە دۆخێکی وا کەلە رۆژهەڵاتی ناڤیندا هاتووتە گۆڕێ، بە لەبەر چاوگرتنی خەباتی بەرەوپێشەوەی بزوتنەوە کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا، ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI) جەخت لەسەر هاوکاری و یەکیەتیی نێوان هەموو هێز و رێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان دەکەین، بۆ ئەوە کە لەسەر بنەمای گیانی یەکتر قبووڵکردن و پێکەوە کارکردن بتوانین لەو دۆخە هەستیارەدا لە بەرامبەر پیلانە دزێوە ناوچەییەکان و مەترسییەکانی گرووپە تیرۆریستیەکان، بەرگری لە سەروەریی خەڵکی کوردستان بکەین و بۆ بەدەستهێنایی ئازادی و مافی کوردان، دەست لە نێو دەستی یەکتردابین.

١٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی (٦ی دێسامبری ساڵی ٢٠١٤ی زایینی)