کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە دانمارک

15:48 - 26 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا لە وڵاتی دانمارک بەشداریی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەو کۆبوونەوە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ لەسەر پێشنیاری ناوەندی کۆمەڵە کوردییەکانی دانمارک لەسەر دوایین بارودۆخی کوردە ئێزدییەکان لە شنگال بەڕێوەچوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا ھەرکام لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە، را و بۆچوونی خۆیان لە سەر دوایین رەوشی ئەو ھەرێمانە خستە بەرباس و لە ئاکامدا بڕیار درا کە بە مەبەستی پشتگیری لە کوردەکانی ھەرێمی شەنگال و گەیاندنی یارمەتی، داراریی و پشتیوانیی سیاسی، کۆمیتەیەک پێک بھێنرێت کە ئەرکی ئەو کۆمیتەیە گەیاندنی پەیامی کورد بە رێکخراوەکانی وڵاتی دانمارک و ھەروەھا دۆزینەوەی پشتیوانیی مرۆڤی لە خەڵکی ناوچەی شەنگال بێت.

لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای دەربرینی پشتیوانی لە کوردەکانی شەنگال، بڕیار درا کە کۆمیتەی پێکھاتوو لە ماوەیەکی کورت خایندا بە رەچاو کردن و سەردانی دام و دەزگاکانی وڵاتی دانمارک سەرنجی ئەو دەوڵەتە و رێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان لەو دۆسیەیە ئاگادار بکرێنەوە و داوای ھاوکاری لەوان بکرێت.

وێنە: ئارشیڤ