کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئامریکا و کانادا

18:43 - 9 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی جەماڵ عەبدوللازادە بەرپرسی کۆمیتەی ئامریکای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفڕانسی ساڵانەی نەتەوەیی کورد لە ئامریکا و کانادا بەشداری کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی ساڵانەی نەتەوەیی کورد لە ئامریکا و کانادا کە بۆ باس لەسەر نەخشەرێگای سەربەخۆیی کوردستان بەشداری کرد.

لە دەستپێکدا ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لەگەڵ نوێنەرانی چەند حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکە وتاریان پێشکەش کرد.

ئارەش ساڵح لە قسەکانی خۆیدا ئاماژەی بە سەربەخۆیی کوردستان کرد و رایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باوەڕی مافی دیاری کردنی چارەنووسی هەیە و لەو رێگایەدا هەنگاوی هەڵێناوە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە درێژەدا رایگەیاند: بۆ ئەوەی کە بتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین پێویستە حیزب و لایەنە سیاسیەکان بە کۆمەڵێک بنەمای سیاسی پێبەند بن و لەبەرچاویان بگرن. یەکەمین بنەما ئەوەیە کە پێویستە حیزب و لایەنەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان دەستێوەردان لە کاروباری یەکتر نەکەن، چونکە مێژوو نیشانی داوە کە دەستێوەردان لە کاروباری یەکتر لاوازی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردی بە دواوە بووە.

شایانی باسە کە شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان چاوپێکەوتنی پێک هێنا و باسیان لە کێشە هاوبەشەکان و هاوکاری نێوان یەکتریان کرد.