کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی حیزبی کرێکاری بریتانیا

11:13 - 5 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە سەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی کرێکاری بریتانیا، نوێنەرانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران لەو وڵاتە، بەشداریان له کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەو حیزبە کرد.

ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، نوێنەرانی پێوەندیەکانی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا لە سەر بانگهێشتی ڕەسمی حیزبی کرێکاری بریتانیا، لە شاری لیڤه‌رپوول بەشداریان له کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەو حیزبە کرد.

حیزبی کرێکار یەکێکە لە حیزبە سەرەکیەکانی وڵاتی بریتانیا؛ ئەم حیزبە لە ساڵی ١٩٦٠ دامەزراوە و چەندین جار سه‌ركه‌وتووانه‌ له‌ بریتانیا حکوومەتی پێکهیناوە و ئێستاش وه‌ک حیزبی سه‌ره‌كیی ئۆپۆزیسیۆن لە بریتانیا کار دەکات. حیزبی کرێکارهەنووکەش کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له ‌سه‌ر بڕیاره‌کانی بریتانیا به‌ تایبه‌تی له ‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتەدا ‌‌هه‌یه.

لە کۆنفڕاسی ئەم ساڵی حیزبی کرێکاردا زیاتر له‌ ١٦٠٠٠ کەس بەشدار بوون. سه‌ڕه‌رای ئه‌ندامانی حیزبی كرێكار، نوێنەر و سەفیری زۆرێک لە وڵاتان و نوێنه‌ری حیزب و کەسایەتی و دۆستانی حیزبی کرێکار لەو کۆنفراسەدا بەشداریان كردبوو.

نوێنەرانی پێوەندیەکانی حیزب  لە کۆبوونەوەی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا بەشداریان کرد و دواتریش چاویان بە چەند کەسایەتی بەشدار و ئەندامانی پارلەمانتاری وڵاتی بریتانیا کەوت و بارودۆخی ئێستای كوردستان و ئێرانیان له‌ گه‌ڵیان باس كرد.

شاندی حیزب گرینگیی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ به‌رامبه‌ر ڕێژێمی ئێرانیان به‌ وردی شی كرده‌وه‌ و پێشێلکاریە مرۆڤی و نیزامیەکانی کۆماری ئیسلامیان لە ناوچەکەدا خسته‌ به‌ر باس و گرینگی پاڵپشتی نێونەتەوەیی بۆ مەسەلەی کوردیان بە گرینگ نرخاند.

‌ شاندی حیزب هه‌روه‌ها لە به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌ میوانه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا به‌شداریان كرد و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا له‌ چه‌ند كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ به‌شداریان كرد. یه‌كێك له‌م كۆڕانه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كوردستان و هێرشی ئه‌م دواییه‌ی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنكه‌كانی حیزبی دێموكرات له‌ كۆیه‌.