کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێمواکرت لە بلژیک لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سووریە

22:20 - 12 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: جەمیل فەتحی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی سووریە لە وڵاتی بلژیک قسەی کرد و پاڵپشتیی هەمەلایەنی رێژیمی ئێرانی لە مانەوەی رێژیمی ئەسەد بە تاکە هۆکار لە قەڵەم دا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک بە سەرپەرستیی \'\'جەمیل فەتحی\'\' نوێنەری حیزب لەو وڵاتە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەژێر ناوی \'\'سووریە و بەهاری عەرەبی، جیاواز لە یەکتر\'\' لە شاری \'\'ئانتوێرپێن\'\' بەشداریی کرد.

کۆبوونەوەکە لەلایەن \'\'ئەنستیتۆی کورد لە برۆکسێل\'\' رایکخرابوو و \'\'یۆریس کۆڤرۆر\'\' بالوێزی پێشووی بلژیک لە سووریە، \'\'دیرک رۆختووس\'\' مامۆستای زانینگە و \'\'تۆم لامبرێختس\'\' رۆژنامەنووس، لەسەر بارودۆخی سووریە بە گشتی و دۆخی کورد لەو وڵاتە قسەیان کرد.

هۆکاری درێژخایەن بوونی رووداوەکانی سووریە و سەرنەکەوتنی بەهاری عەرەبی لەو وڵاتە و فاکتەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کاریگەر لە قەیرانی سووریە لەلایەن \'\'یۆرس کۆڤرۆ\'\' باسیان لەسەر کرا و وتی: وڵاتانی رۆژئاوایی لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان ئامادەی وەشاندنی گورزی نیزامی نەبوون و ئەو هەڵوێستەیان نەگرت کەلە بەرانبەر وڵاتێکی وەکوو لیبی گرتیان.

پاشان \'\'دیرک رۆختووس\'\' مامۆستا زانکۆ لەو کۆبوونەوەدا بابەتێکی لەژێر ناوی \'\'کوردەکان و شەڕی سووریە\'\' پێشکەش کرد و وێڕای ئاماژە بە ناتەبایی کوردان لەمەڕ نزیکبوونەوە لە یەکتر و پێکەوە کارکردن وتی: نەتەوە هەموو کات لە دەوڵەت بەهێزترە و دەتوانین بڵێین کوردستانی گەورە بە شێوەیەکی مەجازی لە حاڵی دروستبوون دایە.

وتیشی: بەپێچەوانەی رابردوو هەنووکە رۆژئاوا زیاتر خۆیان لە کورد و بەتایبەت هەرێمی کوردستان نزیکتر دەکەنەوە، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەزموونی دێموکراسی و ئارامی و سەقامگیریی ئەو هەرێمە دەگەڕێتەوە.

پاشان \'\'تۆم لامبێختس\'\' رۆژنامەنووس چەندین بابەتی دیکۆمێنتاریی پێشکەش کرد کەلە کاتی سەردانەکەی بۆ کوردستانی سووریە ئامادەی کردبوو.

جەمیل فەتحی نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا وتی: یەکی لە هۆکارەکانی مانەوەی رێژیمی بەشار ئەسەد دەستێوەردانی و پشتیوانیی هەمەلایەنی رێژیمی ئیران لەو ولاتە دایە و رێژیمی ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خۆی لەمەڕ مانەوەی تاکە هاوپەیمانی لە ناوچەکە و جیهاندا دەدات.