کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی ژیان و خەباتی ''محەممەد ئەلبیستانی''

12:07 - 25 خەرمانان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانان، لەلایەن ڕێکخراوی ''کۆمکار'' بە ھاوکاریی پارتی سوسیالیستی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی بەچاپ گەیشتن و ناساندنی کتێبی ژیان و خەباتی ''محەممەد ئەلبیستانی'' کادر و تێکۆشەری دێرینی ئەو پارتە و ڕێزگرتن لە کار و خەباتی ناوبراو لە شاری ''مانھایمی'' وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا ھەیئەتێک بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان بەشداریی کرد و وێڕای بەخشینی چەپکە گوڵی ڕێز، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبیان لە وڵاتی ئاڵمان ڕادەستی ''ئەلبیستانی'' کرد.

لە پەیامەکەدا هاتبوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بایەخەوە لە ڕووناکبیران و تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان وەک بەهای بەنرخی نەتەوەیی دەڕوانێت، بەتایبەت لە ڕووناکبیر و کەسایەتیی تێکۆشەری وەک ''ئەلبیستانی'' کە هەردەم پاڵپشتی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژهەڵات بووە .

لەو ڕێوڕەسەمەدا ''محەممەد ئەلبیستانی'' وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانین، بەرگێک لە کتێبەکەی پێشکەشی حیزبی دێموکرات کرد.

ناوبراو لە کتێبەکەیدا  خەم و پەژارەی خۆی بەنیسبەت لەدەستدانی ڕێبەرانی گەلی کورد، شەھید دوکتور ''قاسملوو'' و دوکتور ''شەرەفکەندی'' دەربڕیوە، ھەروەھا بە شانازییەوە لەوحی ڕێزلێنانی کۆمیتەی گشتیی حیزبی لە وڵاتی ئاڵمان کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ٢٠١٩ پێشکەشیان کرابوو، وەک یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ناو لێ برد.

پاییزی ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی پشتیوانیی بەردەوامی ''محەممەد ئەلبیستانی'' لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و بەبۆنەی جێژنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە ناوبراو کرابوو.